وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، سبەی سێشەممە بە فەرمی باڵوێزخانەكەیان لە ریازی پایتەختی سعودیە دەكەنەوە و لە شاری جەددەش نوێنەرایەتیەكانیان دەستبەكاردەبن.
ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سبەی سێشەممە و چوارشەممە كۆماری ئیسلامی بە فەرمی باڵوێزخانەی خۆی لە شاری ڕیاز و كونسوڵخانەكەی لە شاری جەددە و نوێنەرایەتی خۆی لە ڕێكخراوی ئیسلامی دەكاتەوە.
كەنعانی روونیكردەوە، باڵوێزخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕیاز و كونسوڵخانەی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە جەددە چالاكییە كردەییەكانیان بۆ ئاسانكاری كاروباری حاجیانی ماڵی پیرۆز دەستپێكردووە، ئەو دامەزراوانەی پێشتر باسكراون بە فەرمی دەكرێنەوە.
ماوەی چەندین ساڵە ئێران و سعودیە پەیوەندییەكانیان لەوپەڕی ئاڵۆزیدا بوو، بەڵام ماوەی چەند مانگێكە پەیوەندییەكانیان ئاسایی بۆتەوە.