کەجەکە ئۆباڵی هەڵگیرساندنەوەی شەڕ دەخاتە ئەستۆی حکومەتی تورکیا

دوای زیاتر لە ٤ مانگ لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی یەک لایەنە لەلایەن کەجەکەوە، وا جارێکی دیکە کەجەکە کۆتایی بە ئاگربەستەکەی لە بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا هێنا و دەڵێت هەڵگیرساندنەوەی شەڕەکە ئۆباڵی لە ئەستۆی حکومەتی تورکیایە. تورکیاش لای خۆیەوە دەڵێت درێژە بە شەڕی دژی تێرۆرزم دەدات.

زاگرۆس هیوا وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دوا بەدوای بومەلەرزە بەهێزەکەی لە ٦ ی مانگی دوو کە لە باشوری تورکیای دا، ئەوان وەکو کەجەکە بڕیاری ڕاگرتنی شەڕیان دا، لە پێناو ئەوەی هیچ ئاستەنگییەک لە بەردەمی کارە فریاگوزارییەکان دروست نەبێت و هەموو توانا و دەرفەتەکان بڕەخسێن بۆ بەهاناوەچوون و فریاکەوتنی خەڵکی لێقەوماو".

وتەبێژی کەجەکە لە بارەی بەردەوامی هێرشەکانی لەشکری تورکیا و ئۆپەراسیۆنی دەزگا جیاوازەکانی حکومەتی تورکیا لە دژیان دەڵێت، "حکومەتی تورکیا نەک تەنیا ئاگربەستەکەی پشتگوێ خست، بەڵکو هێرشەکانیشی زیاتر کرد و هەر لە ماوەی ئەو چوار مانگەدا زیاتر لە ٥٠٠ جار هێرشی ئاسمانی کردووە، و ٤٣٣٦جار بە تۆپ و خومپارە و کاتیوشا هێرشی کردووە و زیاتر لە ٢٢٤ جار چەکی قەدەغەکراوە و کیمیایی بەکارهێناوە. دەشڵێت هەر بەوە نەوەستاوە، بەڵکو لە هەرێمی کوردستان ٢٢ ئەندامی پەکەکەی تیرۆرکردووە، بۆیە ئاگربەست هیچ واتایەکی نەما".

کەمال ڕەئوف، چاودێری سیاسی، پێیوایە حکومەتی تورکیا ئاگربەستەکەی پێ خۆش نەبووە، دەڵێت حکومەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێویستی بە دوژمنێکی وەهمی هەیە کە خەڵکی وڵاتەکەی پێ سەرقاڵ بکات، وە ئاسانترین دوژمنی وەهمی دروستیبکات ئەوەیە بڵێت مەترسی پەکەکە و کوردی ڕۆژئاوا هەیە.

دەشڵێت دۆخی ئابوری تورکیا هەتا دێت بەرەو خراپتر دەڕوات و بەهای لیرەی تورکیا هەر ڕوو لە نزمبوونەوەیە، بۆیە ئەگەر وڵاتەکە لە شەڕدابێت، ئەو کاتە خەڵکی زۆر پرسیار لە بارەی ئابوری وڵاتەکەیان ناکەن.


PM:09:58:17/06/2023