کەجەکە "شێروان شێروانی و هاوڕێیەکانی بارمتەی سیاسین لە پێناو سەپاندنی سیاسەتی بنەماڵەیی"

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی (كه‌جه‌كه‌) ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی تەموزی ٢٠٢٣ راگه‌یه‌ندراوێكی له‌سه‌ر سزادانی شێروان شێراونی بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگەیاند، "بەداخەوە دەبینین کە پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە قۆڕخکردنی هەموو جۆمگەکانی دەسەڵات و سەپاندنی ویست و سیاسەتی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا کەشێکی مەترسیداری لە گرژی و ئاڵۆزی خولقاندووە".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كه‌جه‌كه‌دا هاتووه‌:"هەر دەنگێکی ناڕازی لە باشوری کوردستانەوە لە دژی سیاسەتی گەندەڵی و دزی و بەکرێگیراوی بەرز ببێتەوە پەدەکە هەوڵ دەدات کپ و سەرکوتی بکات. لەم چوارچێوەیەدا وەک لە نموونەی شەهید سەردەشت عوسمان و شەهید  وەدات حسێندا دەبینرێت، سیاسەتی دەسەڵاتی پەدەکە لەم بوارەدا ئەشکەنجە و کوشتنە. بەڵام کۆمەڵگای کوردی لە باشوری کوردستاندا کە خاوەنی دەیان ساڵ رەنج و قوربانییدانە لە دژی رژێمی فاشیستی بەعس مل بەم زەخت و گوشارانە نادات و هەموو دەرفەتێک بۆ دەربڕینی هەڵوێستی ئازادیخوازانەی خۆی بەکار دەهێنێت." كه‌جه‌كه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا واده‌ڵێت.

هەر لە ڕاگەیاندنەکەی کەجەکەدا هاتووە،"شێروان شێروانی و هاوڕێیەکانی بارمتەی سیاسین لە دەستی دەسەڵاتێکی حزبی لە پێناو سەپاندنی سیاسەتی بنەماڵەیی و بەکرێگیراوی بە سەر کۆمەڵگای باشوری کوردستاندا".


دەقی ڕاگەیاندراوەکە:

کەجەکە: 
شێروان شێروانی و هاوڕێیەکانی بارمتەی سیاسین  لە دەستی پەدەکەدا


"لەم رۆژانەدا کە  لە ساڵیادی پەیمانی لۆزان نزیک دەبینەوە و داگیرکەران لە ژێر ناوی رێککەوتنی جیاوازدا دەیانەوێت بەردەوامی بە سیستەمی لۆزان بدەن، پێویست دەکات کە گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان و بە تایبەت هێز و لایەنە سیاسیەکانی سەرتاسەری کوردستان هەوڵی زیاتر بدەن بۆ زیاتر لێک نزیکبوونەوە یەکگرتنی سیاسی و هەرچی پتەوترکردنی کۆمەڵگای کوردستان. لەم رووەوە بە تایبەت ئەرک دەکەوێتە سەرشانی دەسەڵاتی باشوری کوردستان کە بە رێزگرتن لە ماف و ئازادییە بنچینەییەکان رێگە لە بەردەم گەشەی کۆمەڵگا لە هەموو بوارەکاندا بکاتەوە. بەڵام بەداخەوە دەبینین کە پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە قۆڕخکردنی هەموو جۆمگەکانی دەسەڵات و سەپاندنی ویست و سیاسەتی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا کەشێکی مەترسیداری لە گرژی و ئاڵۆزی خولقاندووە.
هەر دەنگێکی ناڕازی لە باشوری کوردستانەوە لە دژی سیاسەتی گەندەڵی و دزی و بەکرێگیراوی بەرز ببێتەوە پەدەکە هەوڵ دەدات کپ و سەرکوتی بکات. لەم چوارچێوەیەدا وەک لە نموونەی شەهید سەردەشت عوسمان و شەهید  وەدات حسێندا دەبینرێت، سیاسەتی دەسەڵاتی پەدەکە لەم بوارەدا ئەشکەنجە و کوشتنە. بەڵام کۆمەڵگای کوردی لە باشوری کوردستاندا کە خاوەنی دەیان ساڵ رەنج و قوربانییدانە لە دژی رژێمی فاشیستی بەعس مل بەم زەخت و گوشارانە نادات و هەموو دەرفەتێک بۆ دەربڕینی هەڵوێستی ئازادیخوازانەی خۆی بەکار دەهێنێت.

پەدەکەش کە ئارمەنجەکەی ئەوەیە کە کۆمەڵگایەکی کۆیلە و گوێڕایەڵی دەسەڵات دروست بکات هەموو ئامرازەکانی دەسەڵات بۆ چەوساندنەوەی ئازادیخوازان و رەخنەگران بەکار دەهێنێت. چەند ساڵە کە پەدەکە بەدەیان کەسایەتی ئازادیخواز و چالاکوان و رۆژنامەنووسی لە بادینان بە بارمتە گرتووە و بە بەکار هێنانی دەزگاکانی وەکو پۆلیس و ئاسایش و دادوەری هەوڵ دەدات کە گەل چاوترسێن بکات و وای لێبکات کە ئیرادەی خۆی رادەستی دەسەڵات بکات. سەپاندنی سزای لە سێدارەدان بە سەر "عبدالرحمان ئەر" و "مەزڵۆم داغ"و ئەشکەنجدانی جەستەیی و دەروونییان، سەپاندنی چوارساڵی دیکەی سزای زیندانی بەسەر شیروان شێروانی بە تۆمەتی بێ بنەما و هەروەها رفاندنی ئۆمێد بەرۆشکی لە لایەن پەدەکەوە، زەخت و گوشار لە سەر بنەماڵە و هاوژینی ئەدهەم بارزانی هەموو ئاماژەی مەترسیدارن  بۆ داهاتووی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان لە باشوری کوردستاندا. بەتایبەتی، سەپاندنی چوارساڵی دی زیندان بە سەر رۆژنامەنووس شێروان شێروانی هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و  نیشانەی ئەوەیە کە ماف و ئازادییەکان لە هەرێمی باشوری کوردستان لە پاشەکشێکی مەترسیداردایە.  پەدەکە دەسەڵاتی دادوەری هەرێم بۆ سەپاندنی نادادپەروەری بەکار دەهێنێت، بڕیاری تاکەلایەنە و تاکەکەسی بە سەر دادگاکاندا دەسەپێنێت و مرۆڤە ئازادیخوازەکان بە تۆمەتی بێ بنەما بە بارمتە دەگرێت. شێروان شێروانی و هاوڕێیەکانی بارمتەی سیاسین لە دەستی دەسەڵاتێکی حزبی لە پێناو سەپاندنی سیاسەتی بنەماڵەیی و بەکرێگیراوی بە سەر کۆمەڵگای باشوری کوردستاندا.
لێرەدا بانگ لە هەموو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە سەر ئاستی  نێو دەوڵەتی و کوردستان، هەموو حیزب و لایەنە سیاسیەکان و هەموو  چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و ئازادیخوازەکان و رۆشنبیران دەکەین کە لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە نادادپەروەرانە و ئازادی شێروان شێروانی و هەموو ئازادیخوازانی بەندکراو بکەونە ناو هەوڵدانەوە و  لەم پێناوەدا هەموو هێز و توانای خۆیان بەکار بێنن."


کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەجەکە






PM:09:41:22/07/2023