پەیامی بەرپرسانی هەرێم لە یادی چل ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكاندا

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٣١ی تەموزی ٢٠٢٣ بەبۆنەی (٤٠)مین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکان لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس بەرپرسانی هەرێمی کوردستان چەند پەیامێکیان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات" لەكاتێكدا چل ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیەدا تێدەپەڕێت، هێشتاش بیری شۆڤینی و نیەتی نەمان و ئازاردانی گەلی كوردستان لە خەیاڵدان و رەفتاری ھەندێ كەس و لایەندا دەبینین،  ئەوەش خۆیلەخۆیدا گرفتی سەرەكیی گەلەكەمان بووە لەگەڵ ئەو عەقلیەتە نامرۆڤانەیە كە سەرچاوەی نەهامەتی و ناسەقامگیرییە بۆ هەموو عێراق و ناوچەكە". 

لای خۆشیەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، هەر بەم بۆنەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئه‌نفالكردنى بارزانييان وه‌ك هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ى ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لى كوردستان كران، نه‌ك هه‌ر هێز و تينى گه‌له‌كه‌مانى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سته‌م و دكتاتۆرى خاو نه‌كرده‌وه‌، به‌ڵكو گيانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و ئيراده‌ى سه‌ركه‌وتن و ئازادى لاى ته‌واوى گه‌لى كوردستان به‌ گوڕتر كرده‌وه و به‌ بڕوايه‌كى پته‌وتره‌وه‌ به‌رده‌وامى به‌ تێكۆشان دا". 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانیدا هاتووە" هه‌ر له‌م ياده‌ و له‌ كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان به‌ دۆخێكى هه‌ستياردا تێده‌په‌ڕێت جه‌خت له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييى هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ تاكه‌ ڕێگه‌ى سه‌رفرازى و سه‌ركه‌وتنمانه‌". 

لە لایەکی دیکەشەوە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە) وتی" ئەم تاوانە گەورەیە، بەشێک بوو لە شاڵاوێکی رەگەزپەرستانەی ڕژێمی لەناوچووی بەعس دژ بە گەلی کوردستان، کە بێسەروشوێنکردن و جینۆسایدکردنی کوردی فەیلی و ئەنفالکردنی ناوچەکانی بارزان و گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و چەندین دەڤەری دیکەی کوردستان، زنجیرەیەک بوو لەو تاوانە هۆڤانەی لە دژی خەڵکی کوردستان ئەنجام دران". 

راشیگەیاند" جێگەی داخە لە دوای تێپەڕبوونی چل ساڵ بەسەر ئەم کارەساتەدا، کەچی هێشتاش کەسانێک هەن بەهەمان عەقڵییەت و هزری شۆڤێنی و سەردەمی ئەنفالەوە، دەیانەوێ مافە رەوا و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان پێشێل و زەوت بکەن، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان، بە هەزاران قوربانی داوە و رووبەڕووی چەندین تاوان و کارەساتی گەورە بووەتەوە لە پێناو بەرگریکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی کە هەرگیز دەستبەرداری نابێت".

مەسرور بارزانی وتیشی" خواست و داوای هەرێمی کوردستان بۆ قەرەبووکردنەوەی شایستەی ماددی و مەعنەوی بنەماڵە و کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەپێی دەستوور دووپات دەکەینەوە، پێویستە هەموومان کار بۆ ڕیشەکێشکردنی هزری ئەنفال و دووبارەنەبوونەوەی ئەم تاوانانە بکەین". 


AM:10:13:31/07/2023