پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق: لە فڕۆكەخانەكان دۆلار بە نرخی فەرمی دەدرێتە گەشتیاران

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ڕایدەگەیەنێت" لە فڕۆکەخانەکان دۆلار بە نرخی فەرمی دەدرێتە گەشتیاران جگە لەو وڵاتانەی کە سزاکانی ئەمریکا دەیانگرێتەوە". 

عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، ئەمشەو چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی (ڕۆیتەرزی) ڕایگەیاند" یەدەگی عێراق زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلارە، بەڵام بەهۆی سنووردارکردنەکانەوە ناتوانێت بە ئازادی دەستوەردان لە بازاڕدا بکات بۆ دابەزاندنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو". 

وتیشی" رێگە بە كردنەوەی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو دەدەین لەناو فڕۆكەخانەكان و دۆلاریش بە نرخی فەرمی دەدرێتە گەشتیاران، جگە لەو گەشتانەی سەردانی ئەو وڵاتانە دەكەن كە لەلایەن ئەمریكاوە سزایان بەسەردا سەپێندراوە". 

پارێزگاری بانكی ناوەندی ڕاشیگەیاند" بانکی ناوەندی هەوڵدەدات ڕێکارەکانی کڕینی دراوی قورس بۆ بازرگانان ئاسان بکات، لەكاتێكدا ٣٠%ی دراوی بیانی لە بەرژەوەندی هاوردەکردن لە چینەوە دەڕوات". 


PM:10:51:16/08/2023