هێرشێكی مووشەكی رووسیا بۆسەر ئۆكراینا ١٠٠ قوربانی لێدەكەوێتەوە

دەسەڵاتدارانی ئۆكراینا رایاگەیاند لەئەنجامی هێرشە مووشەكییەكەی رووسیا بۆسەر شاری باكووری وڵاتەكەیان، لانی كەم ١٠٠ كوژراوو برینداری لێكەوتووەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە١٩ی ئابی ٢٠٢٣، سوپای رووسیا بە مووشەك هێرشی كردە سەر شاری چیرنیهیف، كە دەكەوێتە باكووری رۆژهەڵاتی كیێف-ی پایتەختی ئۆكرایناو بەگوێرەی زانیارییەكانیش، هێرشەكە ژمارەیەكی زۆر قوربانی لێكەوتەوەو زیانێكی زۆریشی بە باڵەخانەكانی نیشتەجێبوون گەیاند.

ئیگۆر كلیمینكۆ، وەزیری ناوخۆی ئۆكراینا، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، "بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان، هێرشە مووشەكییەكە حەوت كوژراوو زیاتر لە ٩٠  برینداری لێكەوتووەتەوە، كە لەناو قوربانییەكاندا ١٢ منداڵ هەن".

بەوتەی وەزیری ناوخۆی ئۆكراینا، لە هێرشەكە كە ژمارەیەك ئەفسەری پۆلیسیش كوژران و بریندار بوون، زیانێكی زۆر بەر چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون و شوێنە خزمەتگوزارییەكان گەیشتووە.

لەلایەكی دیكەوە، وەزارەتی بەرگری رووسیا بڵاویكردەوە، "هێزەكانیان لەچەند بەرەی شەڕ، شكستیان بە هێرش و پەلاماری هێزەكانی ئۆكراینا هێناوەو جگە لە خستنەخوارەوەی ٢٣ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، هاوكات زیاتر لە ٩٠٠ سەربازی ئۆكراینی و چەكداری كرێگرتەی بیانیی كوژراون".


PM:08:11:19/08/2023