بە ئامانجی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم
وەزیری نەوت سەردانی تورکیا دەکات


بە مەبەستی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، وەزیری نەوتی عێراق سەردانی تورکیا دەکات.

حیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە ئەمڕۆ دوو شەمممە بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا و بڕیارە سەردانەكەی دوو رۆژ بخایەنێت.

باڵیۆزخانەی عێراق لە تورکیا بڵاویکردەوە، ئامانج لە سەردانەكە فراوانكردنی هەماهەنگییە لە بوارەكانی نەوت، غاز و وزە، سەرەڕای تاوتوێكردنی دۆسیەی سەرلەنوێ هەناردەكردنەوەی نەوت لەڕێی بەندەری جەیهانەوە.

عەبدولغەنی چاوی بە فاتح دونماز وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكان و ژمارەیەك لە بەرپرسانی توركیا دەكەوێت بۆ دوپاتكردنەوەی سووربوونی عێراق لەسەر بونیادنانی پردی متمانە و پەیوەندی تا گەیشتنە رێككەوتن لەبارەی هەناردەی نەوتی عێراق، تەنها لەڕێی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت (سۆمۆ)وە، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوی باڵیۆزخانەكەدا هاتووە.

نەوتی هەرێم لە ٢٥ ی ئازاری ٢٠٢٣ ەوە بەپێی بڕیاری دادگای پاریس هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ بازاڕەكانی جیهان راگیرا.



PM:11:35:21/08/2023