كەجەكە: ئەگەر لە دژی خیانەت هەڵوێست نیشان بدرایە دۆخەكە نەدەگەیشتە ئێستا


هاوسەرۆكایەتی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی كەجەكە رایدەگەیەنێت "دوای ئەوەی هاكان فیدان سەردانی عێراق و باشووری كوردستانی كرد و دیداری ئەنجامدا، هێرشەكان زیاتر بوون، بۆیە ئەگەر پێشتر لە دژی خیانەت هەڵوێست نیشان بدرایە دۆخەكە نەدەگەیشتە ئێستا".

هاوسەرۆكایەتی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی كەجەكە لە راگەیەنراوێكدا هەڵوێستی خۆیان دژی هێرشكردنە سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت لە نزیك شاری سلێمانی نیشاندا.

بەپێی ڕاگەیەندراوی هاوسەرۆكایەتی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی كەجەكە "وەك ئەوەی ڕای گشتی هەستی پێكردووە، دەوڵەتی تورك هێرشەكانی زیاتر كردووە، لەم دواییانەدا لە سلێمانی و هەولێر هێرش ئەنجامدرا، دوو ڕۆژ پێش ئێستا لە ڕۆژئاوا و شنگال هێرش ئەنجامدرابوون و شەهیدیان لێكەوتەوە، لەلایەكی ترەوە دەوڵەتی تورك بە بێوچان لە دژی بزوتنەوەكەمان و گەریلا هێرش ئەنجام دەدات، گەریلا لە دژی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورك خۆڕاگریی دەكات، لە كەسایەتی ئەوانەی لەو هێرشانەدا تیرۆركراون و شەهید بوون".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "بەداخەوە لە هەموو ئەو هێرشانەدا پەنجەی خیانەت بوونی هەیە، ئەو هێرشانە نەك بە هێزی دوژمن، بەڵكو بەپشتیوانی خیانەتكاران ئەنجام دەدرێت، ئەو هێرشە خیانەتكارانەیە شەهیدیان لێ دەكەوێتەوە زۆر بە ئازارە بەڵام ڕاستیە، پەیوەندی بارزانییەكان و دەوڵەتی تورك خیانەتێكی ئاشكرایە و هەموو ئەو هێرش و شەهیدبوونانەش بەو هۆیەوەیە، دەبێت هەموو كەس ئەو ڕاستیە ببینێت و قەبوڵی بكات، ئەگەر ئەو دۆخە زیاتر چاوپۆشی لێ بكرێت و هەڵوێستی پێویست بەرامبەر نەگیرێتە بەر، ئەو كاتە وەك گەل ئێمە دەكەوێنە دۆخێكی بە ئازارتر و خراپتر".

كەچەكە دەڵێت "ئەگەر هەڵوێستی پێویست بەرامبەر بە خیانەت نیشان نەدرێت، ئەو داوەی لەسەر خیانەت سازكراوە دەگاتە ئەنجام، كوردێك نییە كە نەزانێت ئەو داوە چییە، ئەو داوە پلانی دەوڵەتی توركە بۆ كۆتاییهێنان بە كورد و كوردایەتی لە رێگەی كۆمەڵكوژی و جینۆسایدەوە".

هەروەها وتویەتی "دوای ئەوەی هاكان فیدان سەردانی عێراق و باشووری كوردستانی كرد و دیداری ئەنجامدا، هێرشەكان زیاتر بوون، ئەو ڕووداوانەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە هەرێمی برادۆست ڕوودەدەن دەریدەخەن كە پلانی نوێ جێبەجێ دەكرێن و دەخوازرێت كە دەوڵەتی عێراقیش لەو پلانەدا بەشداری پێ بكرێت، لە هەرێمی برادۆست هەوڵ دەدرێت بچنە ناو گۆڕەپانەكانی گەریلاوە، فشار دەخرێتە سەر گەل كە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، ئاشكرایە كە ئەمە ئامادەكارییە بۆ هێرش و بەشێكە لە پلانی داگیركەریی دەوڵەتی تورك، ئەوەی لە كەركووكیش دەكرێت بەشێكە لەو پلانە".




PM:01:01:19/09/2023