داوا دەکرێت ناوچەی دژەفڕین لە رۆژئاوای کوردستان دروستبکرێت


بەشێک لە هاوڵاتییانی شاری سلێمانی، لە پارکی ئازادی کۆبوونەوەو ئیدانەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورکیان بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد و ڕایانگەیاند" دەبێت ناوچەی دژە فڕین لە ناوچەکەدا دروست بکرێت".

لە سەکۆی ئازاد لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، ئەمڕۆ ٨ ی تشرینی یەکەم، گرووپی (هەڵوێست دژی داگیرکاریی)، کە لە بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان و هاوڵاتییانی شاری سلێمانی پێکدێت، گردبوونەوەیەکیان لە دژی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا.

تارا حسێن، هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادی لە وتەیەکدا لە گردبوونەوەکەدا،وتی " ئەو هێرشانەی کە ئێستا ئەنجام دەدرێت بە تەواوی لەسەر گەلی کورد بەڕێوەدەچێت، تەنها هێرشێکی سەربازیی و داگیرکاریی خاک نییە، بەڵکو هێرشێکی کولتووری و زمان و فەرهەنگیشە، لە ژێر خواستی دەوڵەتی عوسمانی نوێدا".

ئاماژەی بەوەشدا، لە باشووری کوردستان هێزێک بە تەواوی کەوتووەتە ژێڕ کاریگەریی دەوڵەتی تورک و هێزەکانی دەنێرێتە ناوچەکانی برادۆست و ڕێگا بۆ سوپای داگیرکەریی تورک دروست دەکات، لە هەمان کاتیشدا بە سیخوڕیکردن لە باشووری کوردستان لەگەڵ داگیرکەراندا کار دەکات.

لە گردبوونەوەکەدا بەشداربووان داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە سنورێک بۆ هێرشانەی تورکیا دابنێت و ناوچەی دژەفڕین لە رۆژئاوای کوردستان دابمەزرێنێت.



PM:07:16:08/10/2023