بنکەی سەربازی عەین ئەسەد بۆردوومان کرایەوە

بۆ دووەم رۆژە لەسەریەک بنکەی سەربازی عەین ئەسەد کە تایبەتە بە هێزەکانی ئەمریکا دەکرێتە ئامانج و هێرش دەکرێتە سەری.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ی تەشرینی یەکەم ٢٠٢٣ ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە" بە کاتیۆشا هێرش کرایە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و دەنگی تەقینەوەش لە نێو بنکەکەدا بیستراوە". 

ڕۆژی شەممەش بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کرایە سەر هەمان شوێن، یەکەمیان تێکشکێندرا و دووەمیشیان لە نێو بنکە سەربازییەکەدا کەوتە خوارەوە بێ ئەوەی زیانی لێ بکەوێتەوە.

گروپێکی شیعە بە ناوی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” کە یەکێکە لە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند.

ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشەی گروپە شیعەکانی سەر بە ئێران بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئەویش بەهۆی پشتوانیکردنی لە ئیسرائیل لەبەرامبەر بزووتنەوەی حەماس.



AM:11:48:22/10/2023