شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی مووچە دەچێتەوە بەغدا

هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراڵی پرسی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکات.

رۆژی پێنجشەممە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢،  فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی (ماوە بۆ درێژکراوە) هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان٢٤ـی راگەیاند، "بە فەرمی نووسراوێکیان ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزارەتی دارایی بۆ دابینکردنی سێ مووچەی مانگەکانی کۆتایی ئەمساڵ، هەفتەی داهاتوو بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان و بەدواداچوون بۆ داواکانیان لەبارەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکەنەوە".

باسی لەوەشکرد، هەموو رێکارەکانی ناردنی٧٠٠ ملیار دینارەی مانگی رابردوو تەواوکراوە بەڵام بەهۆی ئەوەی وەزیری دارایی عێراق لە دەرەوەی وڵات بووە، لەکاتی خۆیدا ئەو پارەیە خەرجنەکراوە و بۆ هەفتەی داهاتوو دواکەوتووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایکردووە، تا پەسەندکردنەوەی یاسای بودجە، ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکە بەردەوام بێت بە ناردنی پشکی مانگەکانی ١٠، ١١ و ١٢ی ئەمساڵیشەوە، هەروەها یاسای بودجە هەمواربکرێتەوە و پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجی فعلی جیابکرێتەوە.

هەرچەندە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا هاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە.



PM:07:59:08/12/2023