قائیمقامیه‌تی سلێمانی له ‌ڕووی جۆر و كوالێتی و پێكهاته‌ی برنجەکەوە ڕونکردنەوە دەدات

قائیمقامیه‌تی سلێمانی له ‌ڕووی جۆر و كوالێتی و پێكهاته‌وه‌ ڕایگەیاند، "لیژنەکان پشكنینی بۆ سه‌رجه‌م جۆرەکانی برنج لەناو بازاڕەکاندا كردووه‌ و دەرکەوت سه‌رجه‌میان برنجی ڕووه‌كین و له‌ پێكهاته‌كانیاندا پلاستیكیان تێدا نییه‌".

ڕۆژی پێنج شەممە ١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣، هیوا ساڵح، نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ته‌ندروستی له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ڕایگه‌یاند،"دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته ڤیدیۆ دروستكردنی برنج له‌ پلاستیك و دروستبوونی دڵه‌ڕاوكێ له‌نێوان هاوڵاتییاندا، لیژنه‌كان به‌ ڕه‌زامه‌‌ندی قائیمقامی سلێمانی سه‌رجه‌م جۆره‌كانی برنجی له ‌ڕووی جۆر و كوالێتی و پێكهاته‌كه‌یه‌وه ناردووه‌ بۆ پشكنین‌ بۆ تاقیگه‌كان".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئه‌و تاقیگه‌یه‌ی پشكنینی بۆ سه‌رجه‌م جۆره‌كانی برنج کە ٢٧ جۆر دەگرێتەوە له‌ بازاڕه‌كانی شاری سلێمانی كردووه‌‌، یه‌كێكه‌ له‌ باشترین تاقیگه‌كانی كوردستان و له‌ژێر ‌چاودێری نوێنه‌ره‌كانی حكومه‌ت و به‌ باشترین ئامێره‌ پێشكه‌وتووه‌كان ٥ جۆری پشكنینی بۆ ئه‌نجامداوه و دەر‌كه‌وتووه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان پێکهاتەی سروشتین و برنجی ڕووه‌كین‌.

باسی لەوەکرد، به‌پێی ئه‌و ئه‌نجامه‌ی به‌ده‌ست قائیمقامییه‌تی سلێمانی گه‌یشتووه‌ته‌وه‌، پشكنینی تاقیگه‌كه‌ كوالێتی برنجه‌كانی پله‌به‌ند كردووه‌ و چه‌ند جۆرێكیان له‌ باشترین جۆری برنجه‌كانی جیهانن كه ‌له‌ بازاڕه‌كانی شاری سلێمانی ده‌فرۆشرێت.

هیوا ساڵح، وتیشی ‌"هاوڵاتییان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌م برنجه‌كانی ناوبازاڕی شاری سلێمانی له‌ ڕوی كوالێتی و جۆره‌كانییانه‌وه‌، ڕووه‌كین و برێکی باش لە پڕۆتین و ڕیشاڵی خۆراکی تێدایە، له‌ پێكهاته‌كانیاندا ٪٦٠ بۆ ٪٦٨ نیشاستەی تێدایە و مادده‌ی پلاستیك بوونی نییه‌".




PM:07:21:14/12/2023