ئێدواردز پارێزگاری لە نازناوی کێشی ناوەندی (UFC)ی کرد

لیۆن ئێدواردزی تەمەن 32 ساڵ نازناوی کێشی ناوەندی (UFC) (هونەری جەنگی تێکەڵاو)ی لە لاس ڤێگاس پاراست،ئەمەش دوای سەرکەوتنە باڵادەستەکەی بەسەر کۆلبی کۆڤینگتۆن، کاتێک یاریزانە بەریتانییەکە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەهێزدا لە ڕکابەرە ئەمریکییەکەی بردەوە.

 ئەم سەرکەوتنە ڕیزبەندی بردنەوەکانی ئێدواردزی بۆ 12 بردنەوە درێژکردەوە، ئەمەش لەدوای  ڕیکۆردەکانی جۆرج سانت پیێر لە کێشی ناوەند دێت کە 13 بردنەوەی هەیە.

 هەندێک لێدوانی ناڕەحەتکەر کە کۆڤینگتۆن لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی پێش شەڕەکەدا وتبووی، بەشێکی زۆری جەماوەرەکەی تووڕەکرد، چونکە شەڕڤانەکە چەند جارێک گاڵتەی بە باوکی کۆچکردوو ئێدواردز کرد.

 ئێدواردز لە وەڵامدا وتی:" ئەم پیاوە کوشتنی باوکمی وەکو کات بەسەربردن بەکارهێناوە، کاتێکی زۆری پێچوو تا هێمن بوومەوە، دوای کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە لە تووڕەییەوە لە پشت کورسییەکانەوە دەگریام، کەس ناتوانێت مردنی باوکم بقۆزێتەوە.

 لەدوای بردنەوەکە زیاتر گوتی:" هەست دەکەم وەرزشوان و تەکنیککارێکی زۆر باشتر بووم، ئەو باشە و ڕکابەرێکی گەورەیە، بەڵام مرۆڤێکی پیسە، بۆیە ویستم بێمە ئێرە و دۆسیەی خۆم بسەلمێنم. 


PM:07:09:17/12/2023