پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند داواکاری خاوەنی نانەواخانە و فڕنەکانی سوموون جێبەجێکرا و دەربارەی دەستگیرکردنی ئیدریسی نانەواش ڕوونکردنەوە دەدات.
ئەمڕۆ سێشەممە٩ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بابەتی هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون وەکو خۆی نەگەیشتبووە خاوەنی نانەواخانە و فڕنەکانی سەموون و داواکارییەکانیان جێبەجێ کراوە".
ئەوەشی خستەڕوو کە کرێی غاز و کارەبایان بە ڕێژەی ٥٠٪ بۆ کەمکراوەتەوە و ئاردیش بە ٣-٤ هەزار دینار هەرزانتر وەردەگرن.
ئومێد خۆشناو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئیدریس مەسعود، ئەو نانەوایەی کە بە هۆی دەربڕینی ناڕەزایی لە دژی هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون، دەستبەسەر کرا ڕوونکردنەوەی دا و ڕایگەیاند، "ئەو هاووڵاتییە تۆزێك سەرگەرمانە هەڵسوکەوتی کرد و قسەی بە خەڵکی هەولێر وتبوو".
وتیشی: "ئیدریس مەسعود لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکان بانگ کرا و داوای لێبوردنی کرد و ئێستا لە دەرەوەیە".
ئیدریس مەسعود دوای مانەوەی شەوێک و دروستکردنی کەمپینێک بۆ زووتر ئازادکردنی لە لایەن چالاکوانان و پارێزەران نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئازاد کرا.