فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت" کەشتییەکی بارهەڵگر بە مووشەکێکی بالیستی کە لەلایەن حوسییەکانەوە لە دەریای سوور هەڵدرابوو، هێرشیکرایە سەر".
فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" کاتژمێر (٤:٠٠)ی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە چەکدارانی حوسییەکان بە مووشەکی جۆری بالیستی هێرشیانکردە سەر کەشتی گیبرالتار ئیگڵ کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی لەسەر بوو".
سێنتکۆم لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەشڵێت" هێرشەکە هیچ بریندار و زیانێکی گەورەی لێنەکەوتووەتەوە و زیانێکی کەمی ماددی هەبووە، بەڵام لە گەشتەکەی بەردەوامە".
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕابردوو چەند پێگەیەکی حوسییەکان لە یەمەن کەوتنە بەر هێرشی ئاسمانی کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیانەوە کرانە ئامانج.