پارێزگاری سلێمانی داوای یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکان دەکات

پارێزگاری سلێمانی هێرشەکانی سەر هەولێر ئیدانە دەکات و داوای یەکڕیزیش لایەنە سیاسییەکان و حکومەتی هەرێم دەکات.

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە پەیامێکی بلاوکردەوە و تێیدا هاتووە" بە ناوی پارێزگای سلێمانییەوە بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و هەموو ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان دەکەین، پرسە و هاوخەمی خۆمان بۆ قوربانییەکان دەردەبڕین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین". 

پارێزگاری سلێمانی داوا دەکات ئەو هێرشانە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە بۆسەر هەرێمی کوردستان ڕابگیرێن، "شەڕ هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، تەنها ئاشتی و سەقامگیری لە ناودەبات و کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات، ئاسایش و ئابوری ناوچەکە بەگشتی دەخاتە ژێر مەترسییەوە". 

"داوا لە لایەنە سیاسییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، یەکڕیزی لە نێوخۆدا بهێننەکایەوە و خۆیان لە هەر لایەنداری و هەژمونێکی ناوچەی و نێودەوڵەتی بە دوور بگرن". (هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگای سلێمانی وادەڵێت)


AM:09:34:16/01/2024