سەرۆک کۆماری عێراق: پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەک هەموو فەرمانبەرانی دیکەی وڵات دابین بکرێت

سەرۆك كۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت" پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەک هەموو فەرمانبەرانی دیکەی وڵات دابین بکرێت".

د.لەتیف رەشید، سەرۆك کۆماری عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و لێپرسراوانی دەوڵەتی عێراق کۆبووەوە، هاوكات فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە و خالید شوانی، وەزیری داد و نزار ئامێدی، وەزیری ژینگەش ئامادەبوون.

بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسی و ئابورییەکانی وڵات تاووتوێکران و سەرۆك کۆمار ئاماژەیکرد بە گرنگی پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی لە بەرجەستەکردنی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنی یەکێتیی نیشتمانی و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کارکردن بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان لەڕێگای سەرخستنی بەرنامە و پرۆژەکانی پەرەپێدان و وەبەرهێنان لە وڵاتدا، بەدیهاتوون.

سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر" پێویستی یەکلاییکردنەوەی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەک هەموو فەرمانبەرانی دیکە".

د.لەتیف رەشید کاریگەرییەکانی خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لەسەر ڕەوشی ژیان و ئابووری و باری کۆمەڵایەتی ڕوونکردەوە و وتی" دابەشنەکردنی مووچە بووە هۆی داخستنی خوێندنگەکان و بێبەش بوونی خوێندکاران لە خوێندن".


PM:10:46:31/01/2024