کۆمارییەکان بۆردومانەکەی بایدن بە شەرمنانە ناوزەد دەکەن

مایک جۆنسن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕەخنەی لە سیاسەتی ئیدارەی جۆ بایدن بەرامبەر ئێران گرت.

مایک جۆنسۆن لە بەیاننامەکەیدا کە دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجەکانی پەیوەست بە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بڵاوکرایەوە، وتی" گیانلەدەستدانی کارەساتبارانەی سێ سەربازی ئەمریکی لە ئوردن، کە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدرا، پێویستی بە وەڵامێکی ڕوون و یەکلاکەرەوە هەبوو، بەداخەوە حکومەت هەفتەیەک چاوەڕێی کرد و چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئێمەی بۆ جیهان بە ئێرانیشەوە ڕاگەیاند".

جۆنسن رایگەیاندووە" پێویستە ئیدارەی بایدن دان بەوەدا بنێت کە ستراتیجی هێورکردنەوەی لەگەڵ ئێران کارەساتبار بووە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەقامگیری ناوچەکە. پێویستە بە توندی دژی ئەو کەسانە بوەستین کە زیان بە ئەمریکییەکان دەگەیەنن، تیرۆر بەرەوپێش دەبەن، یان هەڕەشە لە هاوپەیمانەکانمان دەکەن. ئێستا کاتی ئەوەیە بایدن لەو ڕاستییە بەئاگا بێتەوە کە سیاسەتی هێورکردنەوەی لەگەڵ ئێران شکستی هێناوە".

بە گشتی کۆماریخوازانی ئیدارەی ئامریکا ناڕەزایەتیان دەربڕیوە بەرامبەر بەم سیاسەتەی بایدن بەرامبەر بە ئێران و دەڵێن" ئەو هێرشانەی بۆسەر گروپە چەکدارانەی سەر بە ئێران کراون هێرشێکی شەرمن بوو".


AM:10:05:03/02/2024