لە دەریای سوور کەشتییەکی بەریتانی کرایە ئامانج

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە کەشتیەکی بارهەڵگری بەریتانی لە دەریای سوور لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کرایە ئامانج. 

دامەزراوەی چاودێری ئاسایشی دەریایی بەریتانیا ناسراو بە (ئیمبری)، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" کەشتییەکی بارهەڵگری بەریتانیا بەیانی ئەمڕۆ لە دەریای سوور و لە کەناراوەکانی یەمەن، لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کراوەتە ئامانج".

ئاماژە بەوەشکراوە، کەشتییەکە ئاڵای باربادۆسی هەڵگرتووە و چەکدانی حوسییەکانی یەمەن هەستاون بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە.

ئەوەشی خستەڕوو، زیانێکی کەم بەر دیوی دەرەوەی کەشتییەکە کەوتەوە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، حوسییەکانی یەمەن وەک پاڵپشتییەک بۆ بزوتنەوەی حەماس، هێرشدەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور.

لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردووشەوە ئەمەریکا و بەریتانیا چەندینجار هێرشیانکردووەتە سەر حوسییەکانی یەمەن.


AM:09:19:06/02/2024