کاروان یاروەیس: تورکیا سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵدەگرێت

ڕۆژنامەی سەباحی عێراقی بڵاویکردەوە" لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، سەرکەتوو بوو لە هەوڵەکانی بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایانەی کە تورکیا بەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا سەپاندنوونی".

کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح کە رۆژنامەی فەڕمی عێراقە، ڕایگەیاند" لیژنەکە لە کاتی سەردانی باڵیۆزی تورکیا بۆ بەسڕە، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ باڵیۆز ئەنجامدا و تییدا توانی ئەو سزایانە هەڵبگرێت کە تورکیا بەسەر فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی سلێمانیدا سەپاندوونی".

ڕوونیشیکردەوە کە لیژنەکە پێشتر لێکۆڵینەوەیەکی دەربارەی هۆکاری قەدەغەکردنی گەشتەکانی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ئەنجامدا و جەختیشیکردەوە لەوەی هیچ گرفتێکی تەکنیکی یان کارگێڕی نەبووە کە ئەو ڕێکارانە پێویست بکات و سزاکانیشی بە سیاسی وەسف کرد.

کاروان یاروەیس هیواشی خواست لە داهاتوویەکی نزیکدا گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێبکەنەوە.

تا ئێستا بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەی سلێمانی هیچ راگەیەندنێکی لەمبارەوە بڵاونەکردووەتەوە.

ڕۆژی ٣ی نیسانی ٢٠٢٣ هێڵی ئاسمانی تورکش ئێرلاینز گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگرت و پاشان تورکیاش بڕیاری دا ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی هەر فڕۆکەیەکدا دابخات کە بیەوێت گەشت بۆ سلیمانی بکات.

تورکیا بە پاساوی مەترسی "ئەمنی و دزەکردنی پەکەکە بۆ ناو فڕۆکەخانەی سلێمانی"، ئەو بڕیارەی دا.

ڕۆژی ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ش جارێکی دیکە تورکیا بڕیارەکەی بۆ ٢٢ی حوزەیرانی ئەمساڵ درێژکردەوە.


AM:10:46:25/02/2024