ئەمریکا: لە ئاکامی هێرشی میلیشیاکان بۆسەر کەشتییەک ٣ دەریاوان گیانیان لەدەستدا

لە ئاکامی هێرشێکی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بۆسەر کەشتییەکی بارهەڵگر لە کەنداوی عەدەن، سێ کارمەندی کەشتییەکە گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی تریش بریندار بوون.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا( سێنتکۆم) ڕایگەیاند" سێ کارمەندی کەشتی بارهەڵگری (ترو کانفیدێنس) لە هێرشێکی مووشەکی میلیشیا کانی سەر بە ئێران کوژراون.

بەگوێرەی سوپای ئەمریکا، کەشتییەکە زیانێکی زۆری پێگەیشتووە. جگە لە کوژراوەکانیش، چوار دەریاوانی نێو کەشتییەکە بریندار بوون، کە برینی سییانیان قورسە.

سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند" کەشتییەکە لەکاتژمێر ١١:٣٠ لە کەنداوی عەدەن مووشەکی  بەرکەوتووە، و  دوای هێرشێکی مووشەکی ئاگری گرتووە و دواتر میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەرپرسیارییەتی هێرشەکەیان ئەستۆ گرتووە".

ئەمە یەکەم هێرشی کوشندەیە کە لە سەرەتای هێرشەکانی ئەم گرووپە چەکدارانەی سەر بە ئێران بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور تۆمار کراوە.



AM:09:53:07/03/2024