باڵیۆزی ئەمریکا: پابەندین بە پاراستنی سەقامگیری عێراق و هەڕەشەکانی داعشیش بەردەوامن

باڵیۆزی ئەمریکا هۆشداری دەدات لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق و پابەندبوونی وڵاتەکەشی بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق دووپات دەکاتەوە.

ئەلینا رۆمانوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا لە میانی وتارێکیدا کە لە ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی سەباح بڵاوکراوەتەوە، باسی لە گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان وڵاتەکەی و عێراق کرد و ڕایگەیاند" ئێمە پابەندین بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەرەوەری عێراق و شانبەشانی هاوبەشە عێراقییەکانمان، وڵاتەکەمان لە بەڵای داعش ڕزگارکرد".

باڵوێزی ئەمریکا هۆشداریشیدا لەوە کە" لەگەڵ دەیەمین ساڵیادی دەرکەوتنی داعش و پێنج ساڵەی شکستپێهێنانی، پێویستە ڕوون بین بەرامبەر ئەو هەڕەشەیەی کە هێشتا داعش لە عێراق و سووریاوە لەسەر عێراق دروستی دەکات". 

دەشڵێت" دەمانەوێت هێزە عێراقییەکان توانای پێویستیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داهاتوو هەبێت، هەر بۆیە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە کۆنگرێسی ئەمریکا زیاتر لە ٣.٥ ملیار دۆلاری بۆ بنیادنانی توانای هێزە عیراقییەکان تەرخان کردووە و پشتیوانییەکی بەردەوامی گرنگ و پێداویستی لە جۆری فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ١٦ و تانکی ئەبرامز پێشکەشی عێراق دەکات".

ئەلینا رۆمانوسکی  راشیگەیاند" بەڵام لە پەیوەندییەکی ئەمنی زیاترمان پێویستە، پێویستمان بە پەیوەندییەکی ئابووری، ڕۆشنبیری و فێرکردن و میللی هەیە بۆ بنیادنانی عێراقێکی هاوچەرخ و ئارام و سەقامگیر و خاوەن سەروەری و درەوشاوە کە پەیوەندی لەگەڵ جیهاندا هەبێت".

رۆمانوسکی وتیشی" تا ئێستاش ویلایەتە یەکگرتووەکان گەورەترین پشیتوانی عێراقە و بە درێژایی ٢٠ ساڵی رابردوو ئاژانسی گەشەپێدانی ئەمریکی زیاتر لە ١١ ملیار دۆلاری پێشکەشی عێراق کردووە و هاوکار بووە لە دروستکردنی ١٥٠ خوێندنگە، ٢٥ نۆڕینگە، ١٣٠ پڕۆژەی ئاوەڕۆ و لە ٢٠١٤ شەوە ئەمریکا ٣.٦ ملیار دۆلاری پێشکەشی خێزانە ئاوارەکان کردووە لە ٢٠١٧ شەوە ١٥٧ ملیۆن دۆلاری بۆ پرۆژەکانی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ زیاتر لە ١٢ ملیۆن کەس تەرخان کردووە".

باڵیۆزی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا باسی لەو هاوکارییانە کردووە کە وڵاتەکەی لە بواری فێرکردن و خوێندن، بازارگانی و تەندروستیدا پێشکەشی هەزاران عیێراقییان کردووە.

ئەلینا رۆمانوسکی دەشڵێت" هەندێك وڵات لە دەرگای عێراقیان داوە بۆ ئەوەی ببنە جێگرەوەی ئەمریکا و هاوبەشەکانی، بەڵام وەك باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێموانییە کە هیچکام لەو وڵاتانە بە ئەندازەی ئەمریکا پێشکەشی گەلی عێراق بکەن،  ئێمە کاردەکەین لەسەر بنیادنانی ئەو پردانەی کە گەلی ویلایەتە یەکگرتووەکان و عێراق پێکەوە دەبەستنەوە و بۆ چەند نەوەیەکیش دەمێننەوە.. دەتوانین ببینە بەشێک لە هێنانەدی خەونی گەنجانی عێراق".




AM:11:04:14/03/2024