بەهۆی کەشوهەواوە لە چەند پارێزگایەک پشوو راگەیەندرا

لە چەند پارێزگایەکی عێراق بەهۆی ئەگەرەکانی دروستبوونی لافاو و بارانی بەخوڕ ڕۆژی سێشەممەیان وەک پشوو ڕاگەیاند. 

بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی بارانبارین و مەترسی دروستبوونی لافاو ئەمشەو لە هەریەک لە پارێزگاکانی (بەغدا و رەسافە، سەڵاحەدین، بابل، نەجەف، زیقار، دیالە، موسەننا، ئەنبار، دیوانیە و بەسڕە) ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ئازاری ٢٠٢٤ کرا بە پشووی فەرمی، جگە لە فەرمانگە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان. 

هەروەها پارێزگای کەرکوکیش، بەهۆی مەترسی باران و لافاو ڕۆژی سێشەممەی لە قوتابخانەکان کردە پشووی فەرمی. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم بڵاویکردەوە کە لە درەنگانی ئەمشەوەوە شەپۆلێکی بەهێزی باران بەڕێوەیە و زۆرترین رێژەی دابارین لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەبێت و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.


AM:12:02:19/03/2024