حزبی زەحمەتكێشان لەبارەی کێشەی مووچەی فەرمانبەران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لەبارەی کێشەی مووچەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" چیدیکە مووچە دوانەکەوێت و مووچەخۆر لە مافی خۆی بێبەش نەکرێت". 

مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" سەڕەڕای ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی چەند مانگی ساڵی ڕابردوویان پێنەدرا، ئێستاش خەریکە مووچەی مانگی ئادار لە بەغدا دابەشدەکرێت، کەچی هێشتا مووچەی مانگی شوبات لە هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە، هێشتا ڕەوانەکردنی تەواوی مووچە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کێشەی لەسەر هەیە، بێبەشکردنی مووچەخۆران لە سەرچاوەی ژیان و قووتی ڕۆژانەیان کارێکی نادەستووری و نادادپەروەرانەیە". 

ئەوەش هاتووە" لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان لە بەردەم بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاریی گەورە دایە، تێنەگەیشتن لە باری ناهەمواری ژیان و گوزەرانی خەڵک و دواکەوتنی بەردەوامی مووچەی مووچەخۆران لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە بە سیاسی کردنی مووچە و قووتی خەڵک لە ململانێی ناوخۆدا ئاکامێکی مەترسیداری لێ دەکەوێتەوە". 

ئاماژە بەوەشکراوە، دەبێت بەر لە هەر شتێکی دیکە لە کاتێکی نزیکدا کێشەی مووچەی مووچەخۆران بەشێوەیەکی ڕیشەی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق چارەسەر بکرێت، هەروەها حکومەتی هەرێم وەکو بەرپرسایەتی خۆی لە بەرامبەر مووچەخۆران، ئەگەر بە قەرزیش بێ، هەوڵبدات چیدیکە مووچە دوانەکەوێت و مووچەخۆر لە مافی خۆی بێبەشنەکرێت. 


PM:08:46:19/03/2024