پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێدەکاتەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان داوای لەسەرجەم فەرمانگەکان کردووە، بە لیستێک پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ئامادەبکەن، لەکاتێکدا تا ئێستا بڕە پارەی پێویست بۆ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دابیننەکراوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی نووسراوێکی ئاڕاستەی  سەرجەم لقەکانی بانکە بازرگانییەکان کردووە و تیایدا ئاماژە بەوەکراوە، لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی بانکەکان، بەپێی یاسا وڕرێنمایی دیاریکراو بۆیان دیاری بکرێت، واتا بەرواری پلەبەرزکردنەوە تاوەکو ١ی ئایاری ٢٠٢٤ شایستەی چ پلەیەکن بە مەرجێک ڕەچاوی مۆڵەتی بێ مووچە و سزا بکرێت بۆیان ببەسترێت.

بانکە بازرگانییەکان داوایکردووە، چەند تێبینییەک لەبەرچاوبگیرێت لەوانە، فەرمانبەری ڕێکخراوەکان پلە بەرزکردنەوەیان بۆ دەکرێت بەپێی یاسای پلەبەرزکردنەوە بە مەرجێک ساڵی ٢٠١٥ ببێتە بنەما.

لە نووسراوەکەدا ئەوەش هاتووە" ئەو فەرمانبەرانەی کە پلەکانیان لە خوار پلەی ٦ بووە، دوای ئەوەی بڕوانامەی ماستەر یاخود دکتۆرایان بەدەست هێناوە، لە بەرواری وەرگرتنی بڕوانامەکانیانەوە یەکسەر ناونیشانی مووچەکانیان دەگۆڕێت، ماستەر دەبێتە ٣.٧٤٠.٠٠٠ هەزار دینار، دکتۆراش دەبێتە ٤.٢٩٠.٠٠٠ هەزار دینار.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەوانەی ناونیشانیان شارەزا/ بەڕێوەبەری پێشکەوتووە، تەنیا سەرە مووچەیان پێدەدرێت و لە خشتەکەدا دەبێت هاوتا بکرێت واتا لە پێش ٢٠١٥ ئەو ناونیشانەیان هەبێت.

هەر بە گوێرەی نووسراوەکە، دەبێت لە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران ڕەچاوی بڕوانامە بکرێت بە پێی لیستی مووچەی بەغداد بەمشێووەیە:

بروانامەی ناوەندی: لە ٨٢٥ هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و لە ٨٩٣ هەزار دینار دەوەستێت.

بڕوانامەی سەرەتایی: لە ٥٨٩ هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و لە ٧٠٠ هەزار دەوەستێت.

بێ بڕوانامە: لە ٤٨٩ هەزار دینارەوە بە سەرە موچە لە ٥٨٩ هەزار دەوەستێت.

بەکالۆریۆس/ پەیمانگا/ ئامادەیی: مووچەکانیان لە ١ ملیۆن و ١١٠ هەزار دەوەستێت.

ئەمڕۆ مووچەی مانگی ئازار دابەشدەکرێت، هاوکات بڕیارە لە دوای ٢٠ی مانگەوە بەغدا پارە بۆ مووچەی مانگی نیسان بنێرێت، بەپێی زانیارییەکان بڕیارە مووچە مانگی ئایاریش بە پلەبەرزکردنەوەوە دابەشبکرێت.

دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم لە کاتێکدایە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ەوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ڕاگیراوە و فەرمانبەران دوو بۆ سێ پلەبەرزکردنەوەیان ڕاگیراوە، ئێستا حکومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە ٤٩ ملیار دینارە بۆ دەستپێکردنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران.


AM:11:22:06/04/2024