هەنگاو: ئێران لە تورکیا و هەرێمی کوردستان لە هەوڵی رفاندنی چالاکانی سیاسی دایە

ئێران لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاوی دەستپێکردووە، لەڕێگەی دزەکردنە نێو باندەکانی قاچاخیکردن بە مرۆڤ لە تورکیا و هەرێمی کوردستان، لە هەوڵی دەستبەسەرکردن و رفاندنی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی وڵاتەکەیدایە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاولە راپۆرتێکدا  بڵاویکردووەتەوە کە" کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی ڕفاندنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاوی دەست پێکردووە، کە نیشان دەدات کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای دزەکردنە نێو باندەکانی قاچاخی مرۆڤ لە تورکیا و هەرێمی کوردستان، لە هەوڵی دەستبەسەرکردن و ڕفاندنی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی دانیشتووی ئەو وڵاتانەدایە".

ئاماژەی بەوەشداوە کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی (ژن ژیان ئازادی) ژمارەیەکی زۆر لە زیان بەرکەوتووان و چالاکان لە ئێران پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان و تورکیا بردووە و کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای بەکارهێنان و دزەکردنی هێزە خۆجێییەکانی لە نێو باندەکانی قاچاخی مرۆڤ هەوڵی ڕفاندن و گواستنەوەیان بۆ ئێرانی داوە.

هەنگاو دەڵێت" ئەوە لە حاڵێکدایە کە زۆربەی چالاکانی مەدەنیی ئێران، بەتایبەت چالاکوانە کوردەکان، لە بارودۆخێکی ناڕوون و دژواردا لە هەرێمی کوردستان دەژین. نەبوونی ڕێوشوێنێکی مافی مرۆڤی کە ڕێکخراوە گەورەترەکانی مافی مرۆڤی ئێرانی و جیهانی پاڵپشتیی لێبکەن دۆخێکیان بۆ ئەو چالاکانە لە هەرێمی کوردستان ساز کردووە، کە لە ئاکامیدا ئەو ڕێگایە نە تەنیا بۆ چالاکوانانی کورد، بەڵکوو بۆ هیچ چالاکوانێکی مەدەنی دیکەش ئەمن نییە. زۆرێک لە چالاکانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی پاراستنی خۆیان ناچارن بوونی خۆیان لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا نەکەن و هەر ئەوە زەربە لە چالاکییە مەدەنییەکایان دەدات".



PM:12:32:11/04/2024