"ئەوەی راگەیەنرا پێکهێنانی هاوپەیمانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان نییە"

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ئەوەی ئەمڕۆ راگەیەنرا دروستکردنی هاوپەیمانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان نییەو ئەمە هەنگاوێکەو هێشتا ئەو پرسە زۆری ماوە.

 هۆشیار عەبدوڵا سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە لێدوانێکیدا بۆ سپی میدیا وتی" راگەیاندنی هەر فراکسیۆنێک پەیوەندی راستەوخۆی بەرێککەوتن لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ و بەرنامەی ئەو هاوپەیمانێتیەوە هەیە، جارێک ئەو پرسانە هیچیان  لەنێو کوتلە جیاجیاکانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق یەکلایی نەکراونەتەوە"، ئەو پێیوایە پەلە کراوە لە راگەیاندنی پێهکێنانی هاوپەیمانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان".

پاشنیوەرۆێ ئەمڕۆ ٣/٥ سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو د.موسەنا ئەمین لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند لە كۆبونەوەی سەرۆك فراكسیۆنە كوردیەكاندا، ڕێكەوتن كرا بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەك بە ناوی (هاوپەیمانی فراكسیۆنە كوردستانیەكان)، بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە  کە هێستا پەیڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانێتیەكە گەڵاڵە نەکراوەو چۆنیەتی دەستەی سەرۆكایەتیەكەش پاش ڕاوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان پێك دەهێنرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هەنگاوی ئەمڕۆی یەکێک لەو زنجیرە هەنگاوانەی کە لەدوای دەستبەکاربوونی ئەم خوولەی پەرلەمانەوە چەندان کۆبوونەوەی بۆ کراوە، ئەو نەیشاردەوە کە هێشتا دروستکردنی جۆرە هاوپەیمانیەکی وەها زۆری دەوێت.

هۆشیار عەبدوڵا جەختی لەوەش کردەوە کە لە دەستبەکاربوونی ئەم خوولەی پەرلەمانی عێراقەوە هەماهەنگی و یەک هەڵوێستییەکی باش هەبووە لە نێوان فراکسیۆنە کوردستانیەکانن نێو پەرلەمانی عێراق لەسەر هەموو ئەو پرسانەی پەیوەندی بەکوردەوە هەبووە.

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کوتلە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق بەبێ ئامادەبوونی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاڵا تاڵەبانی و هۆشیار عەبدوڵا بەڕێوەچووە. 



PM:08:31:03/05/2015