"حکومەت لەجێبەجێکردنی خشتەی نوێی مووچەدا خۆی بەسەرکەوتوو دەزانێت"

لیژنه‌ی‌ باڵای‌ ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ کە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی تێدایە، خۆیان بەسەرکەتوو دەزانن کە توانیویانە خشتەی نوێی مووچە جێبەجی بکرێت.
ئەمڕۆ لیژنەی باڵای روبەرووبوونەوەی قەیرانی دارایی کۆبوونەوەو بەپێی زانیارییەکانی سپی لیژنەکە خۆی بەسەرکەوتوو زانیووە کە توانیویەتی خشتەی نوێی مووچە بەسەر فەرمانبەراندا جێبەجێ بکات و، کەشی کۆبوونەوەکە کەشێکی پۆزەتیڤ بووە، بەو پێیەی توانیویانە ئەو خشتەیە بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی لیژنەی باڵای روبەرووبوونەوەی قەیرانی دارایی پێیانوایە ئەوان سەرکەتوون لەکارەکەیاندا، چونکە فەرمانبەران قایلن بەپێی ئەو خشتە نوێیە مووچە وەربگرن و لەچەند رۆژی رابردوودا مووچە خۆران مووچەکانیان وەرگرتووە.

سپی زانیویەتی بۆ مانگی داهاتوو ئەو لیژنەیە دەستکارییەکی کەمی مووچەی هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەکەن و، بەمەش لەسەر ئەو خشتەیە دەڕۆن تا باری دارایی هەرێم باش دەبێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە کەشی کۆبوونەوەکە کەشی سەرکەوتن بووە، نەک شکست.

دوو هەفتە بەسەر دەرچوونی خشتەی نوێی فەرمانبەراندا تێپەڕدەبێت لەو کاتەوە بەشێکی زۆری فەرمانبەرانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵبجە بایکۆتی دەوامیان کردووە، هاوکات چەند شوێنێکی کەمی دامەزراوەکانی هەولێر بایکۆتی دەوامیان  کردووە.    



PM:11:55:16/02/2016