دژه‌ تیرۆری یه‌کێتی: بارزانی ماوه‌که‌ی ته‌واوبووه
" ماوه‌ی 6 مانگه‌ نه‌سریه‌که‌مان بڕاوه‌"

ده‌زگای دژه‌ تیرۆری یه‌کێتی وه‌ڵامێکی توندی که‌ناڵ 24 ده‌داته‌وه‌و له‌وێشه‌وه‌ هێرش ده‌کاته‌وه‌ سه‌ر مه‌سرور بارزانی‌و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ بارزانی وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێم ماوه‌ی به‌سه‌رچووه‌و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌که‌نه‌وه‌ 6 مانگه‌ نه‌سریه‌ی ده‌زگاکه‌یان بڕدراوه‌.

ئه‌مه‌ یه‌که‌مجاره‌ ده‌زگای دژه‌ تیرۆر که‌ لاهور شێخ جه‌نگی به‌ڕێوه‌به‌ریه‌تی ئه‌وه‌ ئاشکرابکه‌ن شه‌ش مانگه‌ نه‌سریه‌یان بڕدراوه‌و ماوه‌ی بارزانیش وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێم ته‌واو بووه‌.

ئه‌م وه‌ڵامه‌ی دژه‌ تیرۆری یه‌کێتی له‌سه‌ر هه‌واڵیکی که‌ناڵ 24 ی پارتییه‌ که‌باس له‌وه‌ ده‌کات "سەربازێكی پێشوی بەریتانی كە لە وڵاتەكەی هەڵاتوە و تۆمەتبار كراوە بە گێچەڵی سێكسی و ئێستا له‌ریزی دژه‌ تیرۆردایه‌".  

دەقی وەڵامەكەی راگەیاندنی دەزگای دژە تیرۆر

ماڵپەڕی (كوردستان 24) كە ماڵپەڕی تایبەتی مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی ماوە تەواوبوی هەرێمی كوردستانە, ئەمڕۆ لە چوارچێوەی هەواڵێكدا بڵاوی كردۆتەوە گوایە سەربازێكی پێشوی بەریتانی كە لە وڵاتەكەی هەڵاتوە و تۆمەتبار كراوە بە گێچەڵی سێكسی، ئێستا لەگەڵ دەزگای دژە تیرۆر لە سلێمانی دژی داعش دەجەنگێت.
كەناڵەكە، لەپاڵ ئەم درۆنامەیەدا بە ئاشكرا دەیەوێت، ناوی دەزگای دژە تیرۆر بزڕێنێت، كە سەرباری هەموو چالاكییەكانی و قوربانیدانی ئەندامەكانی، بەدەستێوەردانی حزبی، ماوەی شەش مانگە نەسریەكەی بڕدراوە و رەنگە هەر بەو بودجە بڕاوانەش، ئەوچەواشەكاریانەی كەناڵەكەی پێ بەگەڕخرابێت.

راگەیاندنی دەزگای دژە تیرۆر جگە لەوەی سەر لەبەری هەواڵەكەی ئەو ماڵپەڕە گوماناوییە بە چەواشەكاری و ناوزڕاندنی تێكۆشەرانی گەلەكەمان و زوڵم لە خەڵكی سلێمانی و كوردستان دەزانین، بۆ بەرچاوڕونی خەڵكی كوردستان، دەڵێین:

1.بە هیچ شێوەیەك هیچ كەسێكی بیانی، بۆی نییە و ناتوانێت شان بە شانی هێزەكانی دژە تیرۆر، پێشمەرگایەتی بكات.

2. دەزگای دژە تیرۆر، ناوەندێكی كاریگەری ناسراوە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و تەنها لەگەڵ ئەو بیانیانە كار دەكات كە لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆیان دیاری كراون.

3. دەزگای دژە تیرۆر، هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ ئەو بیانییەدا نییە كە برادەرانی (كوردستان 24) گێچەڵی، گێچەڵی سێكسی پێ دەكەن و رەنگە خۆیان باشتر یەكتری بناسن.

نووسینگەی راگەیاندنی دەزگای دژە تیرۆر



AM:10:41:24/03/2016