"پێش واژۆکردنی رێککه‌وتنه‌که‌ وه‌فدێکی یه‌کێتی رێککه‌وتنامه‌که‌یان بۆ‌ نێچیرڤان بارزانی بردووه‌"

ته‌له‌فزیۆنی رووداو له‌ راپۆرتیکدا بڵاویکرده‌وه‌ که‌ پێش واژۆکردنی رێککه‌وتنه‌که‌ وه‌فدێکی یه‌کێتی ده‌قی رێککه‌وتنامه‌که‌یان بۆ‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌ت بردووه‌.

رووداو له‌ په‌خشی هه‌واڵه‌کانی ئه‌مڕۆیدا بڵاویکرده‌وه‌" پێش واژۆكردنی رێككەوتنەكە، شاندێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە نووسراو رێككەوتننامەكەیان بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی بردووە".

هه‌روه‌ها ئه‌و که‌ناڵه‌ که‌ به‌که‌ناڵی نزیک نێچیرڤان بارزانی ناسراوه‌ ئه‌وه‌ی ئاشکرا ده‌کات "‌ كۆسرەت رەسوڵیش خاڵەكانی نێو رێككەوتننامەكەی بۆ بارزانی روونكردوونەتەوە، بەڵام پارتی وەستابوو تاوەكو رێككەوتنەكە واژۆ دەكرێت، ئینجا رای فەرمی دەرببڕێت."

هه‌روه‌ها له‌و راپۆرته‌دا هاتووه‌" پارتی بە یەكێتی راگەیاندووە لەگەڵ خاڵەكانی نێو رێككەوتنەكە نین و نەوشیروان مستەفا بیروڕای خۆی تێدا سەپاندووە، جێدەستی زۆر زۆر دیارە و یەكێتی چووەتە ژێر هەژموونی گۆڕانەوە، بۆیە پێیانوایە ئەم رێككەوتنە كێشەكانی باشووری كوردستان چارەسەر ناكات و ئەگەر بەم نەفەسە بەبێ پارتی كار بكرێت، دۆخی سیاسی ئاڵۆزتر دەبێت".

تا ئێستا به‌فه‌رمی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و جێگری یه‌که‌م هیچ روونکردنه‌وه‌یه‌کیان له‌و باره‌یه‌وه‌ بڵاونه‌کردۆته‌وه.‌



PM:01:15:18/05/2016