شیوعی: له‌گه‌ڵ فراوانکردنی رێکه‌وتنه‌که‌ی یه‌کێتی و گۆڕانداین
پێشنیوەرۆی ئه‌مڕۆ سه‌رکردایه‌تی هاوبه‌شی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌ردانی لایه‌نه‌کانیان ده‌ستپێکرد، سه‌ره‌تاش له‌شاری سلێمانی له‌گه‌ڵ حزبی شیوعی کۆبوونه‌وه.
پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونه‌وه‌که، سوبحی مه‌هدی ، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی کوردستان، رایگه‌یاند: له کۆبوونه‌وه‌که‌دا شاندی هاوبه‌شی یه‌کێتی و گۆڕان به‌درێژیی باسیان له ناوه‌رۆکی رێککه‌وتننامه‌که‌ی خۆیان کرد.
وتیشی: به‌شێکی زۆری ئه‌و خاڵانه‌ی له‌رێککه‌وتنه‌که‌دا هه‌بوو ئێمه له‌رابردووشدا گفتوگۆمان له‌سه‌ر به‌شێکی زۆری کردووه و رامان له‌سه‌ر داوه، ده‌ستخۆشی له‌هه‌ردولا ده‌که‌ین که توانیان له هه‌لومه‌رجی ئێستادا پێکیبێن و کاری هاوبه‌ش بکه‌ن.
سوبحی مه‌هدی، وتیشی: له‌وبڕوایه‌شداین که پێویستی به‌هه‌نگاوی باشتر و کاری باشتر هه‌یه، به‌وه‌ی که هه‌ل و مه‌رجی ناوچه‌که و عێراق به‌گشتی و کوردستان به‌تایبه‌تی ئه‌وه ده‌خوازێت که کۆده‌نگییه‌ک له‌نێوان هێزه سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستاندا هه‌بێت، وه پیشمان وایه پێویسته رێککه‌وتنه‌که فراوان بکرێت و ته‌نیا له‌چوارچێوه‌ی دوو حزبدا نه‌مێنێته‌وه.
پاشان سامان گه‌رمیانی، ئه‌ندامی شانده هاوبه‌شه‌که، به رۆژنامه‌نوسانی وت: هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌کان کۆکین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نێوماڵی کورد یه‌کخه‌ین، کۆکین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که دژی دوو ئیداره‌یی بین، هه‌موو لایه‌کیشمان کۆکین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که پێویسته له‌م ره‌وشه سیاسییه که ئێستا قه‌یرانی له‌ناوچه‌که‌دا دروستکردووه، کورد یه‌کڕیز بێت و ماڵه‌که‌ی یه‌کبخات.
PM:02:45:18/06/2016