پارتی: به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ وه‌فدی هاوبه‌شی گۆڕان‌و یه‌کێتی کۆنابینه‌وه‌

پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌ڵامی گۆڕان و یه‌کێتی ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێن" به‌هیچ جۆرێک له‌گه‌ڵ وه‌فدی هاوبه‌شی گۆڕان و یه‌کێتی کۆنابینه‌وه‌".

مه‌حمود محه‌مه‌د وتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند "پارتی بەهیچ جۆرێك لەگەڵ وەفدی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان كۆنابێتەوە و پێش جەژنیش دوا قسەی پارتیمان بە یەكێتی راگەیاندووە كە چۆن كۆبونەوە لەسەر پرسەكان دەكەین".

مەحمود محەمەد، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕی دواڕۆژ رایگەیاند "پارتی جەخت لەسەر قسەی خۆی دەكاتەوە كە تەنیا لەگەڵ یەكێتی كۆدەبێتەوە، چونكە پێشتر پارتی داوای لە بزوتنەوەی گۆڕان كرد بەتەنیا كۆببنەوە، بەڵام رەتیانكردوە، بۆیە ئێستا پارتی ئامادە نییە لەگەڵیدا كۆببێتەوە".

وتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژە بەوەشدەكات پێش جەژن دوایین وەڵامی رەسمی خۆمان بە یەكێتی داوە كە بەهیچ شێوەیەك پارتی لەگەڵ وەفدی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان كۆنابێتەوە.



AM:10:40:11/07/2016