یه‌کێتی: ئۆباڵی تێكچوونی دۆخی كوردستان لە ئەستۆی پارتیدایە

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌ڵیت" ئۆباڵی تێكچوونی دۆخی هەرێمی كوردستان لە ئەستۆی پارتیدایە".

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی و به‌رپرسی سه‌نته‌ری ستراتیژی که‌ ده‌گایه‌کی فیکری و رۆشنبیری یه‌کێتییه‌ ده‌ڵێت" ئۆباڵی تێكچوونی دۆخی هەرێمی كوردستان لە ئەستۆی پارتیدایەو پێیان راگەیاندراوە كە دەبێت هەر خۆیان ئەو دۆخە چاك بكەنەوه‌".

ئەسەسەد لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی چاودێر ئاشكرای دەكات لە كۆبوونەوەی پێشووی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتیدا باسیان لەوە كردووە كە پێویستە پارتی دەستپێشخەرییەك بكات  بۆ چاككردنەوەی ئەو دۆخەی ئۆباڵی تێكچوونی لە ئەستۆی ئەواندایەو، ده‌ڵێت" پارتی بووەتە هۆی  پەككەوتنی پەرلەمان و دەركردنی چەند وەزیرێك، بۆیە پێویستە ئەوەی خۆی تێكیداوە هەر خۆشی چاكی بكاتەوە".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی راشیدەگەیەنێت" ئەوەی تا ئێستا كراوە بەتایبەت لەلایەن پارتی و سەرۆكەكەیەوە ئەوەیە داوای كۆبوونەوەی لایەنەكانی كردووە،  بەڵام لەم هەلومەرجەی ئێستادا پێویستە بۆمان روون بكرێتەوە كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكان كێ‌ دەگرێتەوە؟ چونكە لەم كاتەدا  پارتی پەیوەندی گرژی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی هەیە و ئاخۆ كۆبوونەوەی لایەنەكان ئاوانیش دەگرێتەوە؟".

ناوبراو دەشڵێت: چاككردنی دۆخی هەرێمی كوردستان لەرێگەی بەیاننامەو راگەیاندراوەوە نابێت.

ئەو پێیوایه‌ هێشتا پارتی  گوێ ناداتە ئەوەی  كە كۆمەڵێك قەیرانی جدی لەكوردستاندا و كێشە لەنێوان لایەنەكاندا هەیە.



PM:01:36:11/07/2016