نێچرڤان بارزانی دژی زیادکردنی ئەم بڕە پارەیەیە بۆ سەرجەم مامۆستایان

لە کۆبوونەوەی دوێنێی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و وەزیری پەروردە، نێچیرڤان بارزانی دژی زیادکردنی بڕی ١٠٠ هەزار دینار بووە بۆ سەر مووچەی مانگانەی مامۆستایان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەی دوێنێ ١١/٦ نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی و د.پشتیوان سادق، هەریەکە لە قوباد تاڵەبانی و پشتیوان سادق پێشنیاری زیادکردنی ١٠٠ سەد هەزار دیناریان کردووە بۆئەوەی مانگانە بخرێتە سەر مووچەی مامۆستایان، بەڵام نێچیرڤان بارزانی دژی وەستاوەتەوە.

هۆکاری وەستانەوەی نێچیرڤان بارزانی دژی ئەو پێشنیارەی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری پەروەردە، وەک سەرچاوەکەی سپی ئاشکرای کرد" بە بەهانەی ئەوە بووە ئەگەر ئەو بڕیارە بدرێت بۆ ئەوان، توێژەکانی تری فەرمانبەرانیش داوای زیادکردنی مووچەکانیان دەکەن".

بەپێی زانیارییەکانی سپی لەو کۆبوونەوەیدا بریاردراوە، داوا لەرابەر سدیق وەکلیلی وەزیری دارایی بکرێت راپۆرتێکیان بۆ ئامادەبکات بۆئەوەی بزانن دەتوانن مانگانە بڕێک پارە بچێتە سەر مووچەی مامۆستایان و چەند توێژێکی تری فەرمانبەران.
سەرچاوەکەی سپی ئەوەی ئاشکرا کرد بەیانی سێ شەممە ١١/٨ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران وەزیری دارایی بەوەکالەت، رابەر سدیق ئەو راپۆرتە پێشکەش بە کۆبوونەوەکە دەکات.

لەدوای پیادەکردنی سیستەمی پاشکەوتی مووچەوە تا ئێستا چەند جارێک لەسەر زیادکردنی مووچەی مانگانەی چەند توێژێکی فەرمانبەران، پێشنیار کراوە بۆ وەکیلی وەزیری دارایی، بەڵام هەموو جارێک ئەو وەزارەتە جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ناتوانن دەستکاری مووچە بکەن و وەڵامەکەی بە نەرێنی بووە.



PM:10:55:07/11/2016