قاسم سلێمانی: نابێت كەركوك بخرێتە سەر كوردستان

قاسم سولەیمانی لەگەڵ بەرپرسانی شاری كەركوك كۆبۆتەوە و ڕەتی كردۆتەوە كەركوك شارێكی كوردستانی بێت.
ماڵپەری میدڵ ئیست مۆنیتەر بڵاویكردووەتەوە قاسم سولەیمانی فەرماندەی گشتیی سوپای قودس سەردانی كەركوكی كردووە و لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەو پارێزگایەدا كۆبووەتەوە بۆئەوەی ڕێگری بكرێت لە پێكدادانی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی حەشدی شەعبی و وتویەتی "پێكدادانی نێوان حەشدی شەعبی و هێزەكانی پێشمەرگە دەچێتە خزمەتی داعشەوە".
بەرپرسێكی كورد كە بۆ ماڵپەڕەكە قسەی كردوە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشكرا بكات ڕایگەیاندوە "قاسم سولەیمانی بۆماوەی چەند رۆژێك لە هەرێمی كوردستان ماوەتەوە و دواتر سەردانی كەركوكی كردووە".
پێشتر ماڵپەری "سپی" وەك یەكەم دەزگای میدیایی ئەوەی ئاشكرا كرد كە قاسم سولەیمانی لە هەرێمی كوردستانە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەكێتی و پارتی سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم و ناوچە كێشە لەسەرەكان گفتوگۆی كردوە.
هەروەها لە هەواڵی ماڵپەڕەی میدڵ ئیست مۆنیتەر ئەوە هاتوە قاسم سولەیمانی لەمیانی سەردانەكەیدا جەختی لەوە كردووەتەوە "دەبێت كەركوك وەكو شاری هەموو عێراقییەكان بمێنێتەوە و ئەوەی ڕەتكردووەتەوە كە كەركوك بخرێتەسەر كوردستان".
لای خۆشیەوە مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد سەبارەت بە سەردانەكەی سولەیمانی بە ماڵپەرەكەی ڕایگەیاندووە "دەستێوەردانی دەرەكی لەبەرژەوەندی عێراقدا نییە".


PM:12:27:19/04/2017