محەمەد سابیر: مام جەلال حەزی نەکردووە کەسە نزیکەکانی پۆست وەربگرن

محەمەد سابیر، ئاوەڵزای تاڵەبانی دەڵێت" مام جەلال نەک کوڕەکانی، حەزیشی نەکردوەو تابۆی کرابێت نەیهێڵاوە نزیکەکانیشی پلەو پۆست وەربگرن".

محەمەد سابیر، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان‌ لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ رۆژنامەی ئاوێنە دەڵێت" نە مام جەلال نە هێرۆ خان، کەسیان حەزیان نەکرد قوباد بێتەوە بۆ کوردستان‌و بەرپرسیارێتی وەربگرێت. هەردوکیان شەڕیان لەگەڵدا کرد بۆ ئەوەی ئەو پۆستە وەرنەگرێت". 

لەو چاوپێکەوتنەدا محەمەد سابیر، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دەڵێت" ‌پێم وانییە یەکێتی ببێت بەحیزبێکی بنەماڵەیی. ئەوانەی ئەم قسانە دەکەن مەبەستیان لەبنەماڵە کێیە؟ باسی بنەماڵەی مام جەلال دەکەن؟ با بەڕاشکاویی پێتبڵێم بنەماڵەکەی مام جەلال بریتییە لە(هێرۆو دو کوڕەکەی) سەرەتا هێرۆ خۆی ژنێکی خەباتکارو تێکۆشەرە. مێژوی خەباتی هێرۆ زۆر کۆنترە لەمێژوی خەباتی٩٩% ئەوانەی ئێستا لەمەکتەبی سیاسی‌و سەرکردایەتی یەکێتین".

ناوبراو لەسەر پۆست وەرگرتنی خۆی، دەڵێت " باسم کرد، تەنها لەبەرئەوەی من ئاوەڵزاوای مام جەلالم، ئەگەرنا جگە لە(نەوشیروان مستەفا)و یەک دوانێکی تر نەبێت، هیچ کام لەبەرپرسانی باڵای یەکێتی نە پێش من هاتون، نە هێندەی بەندە خەباتی سیاسییان هەیە.

ئیتر گوناهم چییە؟ لەبڕوانامەوە دەڵێیت نەک لەکوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی عێراق بەرزترین بڕوانامەم هەیە، پێنج زمان دەزانم. لە١٣ساڵییەوە لەخەباتدا بەشدارم‌و بۆ یەک رۆژیش لەخەباتی کوردایەتی‌و نیشتمانی لام نەداوە". 

بۆ جێگرتنەوەی مام جەلال رۆژنامەکە پرسیاری لێدەکات و ناوی  (باڤێڵ، قوباد، لاهور) دەخاتە بەردەستی" محەمەد سابیر: هیچ قسەیەکم نییە لەسەر ئەو پرسەو بەقسەی من نابێت. هەمو حیزبێک ئۆرگان‌و کۆنگرەو تایبەتمەندی خۆی هەیە، لەسەر دەستنیشانکردنی کەسی یەکەمی حیزبەکەی.



AM:09:48:29/05/2017