وەزیری پەروەردە سکاڵا لەسەر ئەحمەد میرە تۆمار دەکات

وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک لەگۆڤاری لڤین لەبارەی ژیانی پێشووی سیاسییەوە، سکاڵا لەسەر سەرنووسەری گۆڤارەکە تۆمار دەکات.

ئەحمەد میرە سەرنووسەری گۆڤاری لڤین لەلیدوانێکی رۆژنامەوانیدا،  ڕایگەیاند: "لەژمارەیەکی گۆڤاری لڤین دا بەدواچوونێکی رۆژنامەوانی لەسەر ژیان و رابردووی سیاسی پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێم بڵاوکراوەتەوە کەباس لەوە دەکات پێشتر لەدەزگای پاراستنی پارتی کاریکردووە، بەڵام وەزیری پەروەردە ئەو دیوەی ژیانە سیاسییەکەی بەناوزڕاندن داناوەو سکاڵای تۆمارکردووە”.

سەرنووسەری گۆڤاری لڤین دەشڵیت ”وەزیری پەروەردە سکاڵاکەی لە ھەولێر تۆمارکردووە، بەڵام دادگای ھەولێر دۆسیەکەی گواستۆتەوە بۆ بنکەی پۆلیسی بەختیاری، ئەم بنکەیەش نووسراوی بۆ پۆلیسی ھەڵەبجە کردووەو لەوێشەوە نووسراوێکی تر بۆ سەرۆکایەتی زانکۆی ھەڵەبجە کراوە کەمن مامۆستام تیایدا، لەکاتێکدا دەبوو نووسراوەکەی ئاراستەی دامەزراوەکەمان بکردایە کەشوێنمان دیارەو بابەتەکەش رۆژنامەوانییەو ھیچ پەیوەندییەکی بەخوێندنی باڵاوە نییەو پێشتریش پابەندی ھەموو بڕیارێکی دادگا بووین”.

هەروەها ناوبراو دەڵێت:”ئەم بابەتە بەو شێوەیەی کاری تێدا کراوە نایاساییەو پرسیارەکەش ئەوەیە لەکاتێکدا ئەم بابەتە رۆژنامەوانییە، بۆچی نووسراو ئاراستەی سەرۆکایەتی زانکۆی ھەڵەبجە دەکرێت، لەھەمان کاتدا بۆچی سەرۆکایەتی زانکۆی ھەڵەبجە وەڵامی نووسراوێکی نایاسایی داوەتەوە، بۆیە من گوومانم لەجوڵاندنە بەرفراوانەی ئەو کەیسە ھەیەو مەبەستدارە، چونکە گواستنەوەی لەبواری رۆژنامەوانییەوە بۆ خوێندنی باڵا، پێچەوانەی کاری رۆژنامەوانی و بنەما یاساییەکانە”.

تا ئێستا وەزیری پەروەردە لەو بارەیەوە لێدوانی بۆ هیچ میدیایەک نەداوە.



PM:11:23:30/05/2017