كەنەدا دەستی بەسەر كەشتییە نەوتییەكەی هەرێمدا گرت

دادگای کەنەدا بڕیاریدا دەستبەسەر ئەو کەشتیەدا بگرێت کە نەوتی ھەرێمی کوردستانی ھەڵگرتوە، ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزەو سەرچاوە سروشتییەکانیش ڕایدەگەیەنێت، "بڕیارەکەی دادگای کەنەدا بەھۆی داواکاریەکی حکومەتی عیراقەوەیە"، ھاوکات چەند زانیاری دیکەش ئاشکرادەکات و دەڵێت:"ئەمە مەترسیەکی گەورەیە بۆ داھاتوی ھەرێم".

عەلی حەمەساڵح ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزەو سەرچاوە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاند، "لەسەر سکاڵایەکی حکومەتی عیراق لەلایەن دادگای لەندەنەوە بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی بارە نەوتێکی ھەرێم دراوە، حکومەتی کەنەداش بڕیارەکەی جێبەجێکردوەو دەستی بەسەر ئەو بارە نەوتەداگرتوە کە زیاتر لە 700 ھەزار بەرمیل نەوتی بارکردوە".

وتیشی:"ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە لەسەر ھەرێم، ئەگەر حکومەتی ھەرێم ناکۆکیی و کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەرنەکات و نەگەنە ڕێکەوتنێک لەسەر پرسی نەوت، ئەگەری ھەیە لەداھاتودا حکومەتی عیراق لەگرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بەفرۆشتنی نەوت بەردەوامبێت، بەوەش ھەرێم ناتوانێت نەوتەکەی بفرۆشێت".

 ئەو پەرلەمانتارە ئاشکراشیکرد، لەساڵانی ڕابردوشدا دوبارە بۆتەوەو بارە نەوتێکی تری ھەرێم دەستی بەسەرداگیراوە، بەڵام وەکو وتی:"دەبێت ھەنگاوی بەپەلە بگیرێتەبەر تا ھەرێم لەو مەترسیانە دەربازی بێت، ئەگەرنا ڕێگەی پێنادرێت ھیچ بڕە نەوتێک لەبازاڕەکان بفرۆشێت".



PM:03:43:05/07/2017