عادل باخەوان لەگەڵ دەوڵەتی گووڵەخانەی کاکە حەمەشدایە

عادل باخەوان نووسەر لەسەر ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێم، دەڵێت" نەك لە هەولێر، تەنانەت ئەگەر كاكە حەمەی حاجی مەحمود تەنها لە گوڵە خانەش دەوڵەتی كوردی رابگەیەنێ، من دەبمە یەكەم پاسەوانی".

عالد باخەوان لە وتارێکدا كە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی بەوە دەکات كە پرسی دەوڵەتی كوردستان لە سەرووی هەموو شتێكەوە، "سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەتی کوردستان ئەو هێڵە سوورەیە کە هیچ کوردستانیەك مافی ئەوەی نیە بیبەزێنێ".

هەروەها باخەوان دەڵێت" باخەوان ڕووی قسەی لە سلێمانی دەكات و دەڵێ "هاوڕێیانی سلێمانی، گرفتی چەندین ساڵەی ئێمە لەگەڵ پارتیدا ئەوە بووە کە گومانمان هەبووە لە ڕاستگۆیی ئەو لەگەڵ ئەم پرسەدا، گەر ئێستا نەك بارزانی لە هەولێر، بەڵکو کاکە حەمەی حاجی مەحمود لە گوڵە خانە، تەنها لە گوڵە خانە، سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەیەنێ، من یەکەم کەس دەبم کە دەبم بە هاووڵاتی دەوڵەتەکەی، لەوەش زیاتر، دەبم بە یەکەم پاسەوانی سەر سنوورەکەی، دەبم بەو یەکەم ئاڵایەی کە لەبەر باڵەخانەکەیدا هەڵیدەکات، دەبم بە پۆستاڵی ئەو پێشمەرگەیەی کە یەکەم ئەی ڕەقیبی بۆ دەڵێت".


ناوبراو لە سەرەتای وتارەكەیدا نووسیویەتی "چەندین ساڵە گرفتی ئێمە لەگەڵ پارتیدا بریتی بووە لەوەی کە گومانمان لە ڕاستگۆیی لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی کوردستان و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستاندا بووە. بۆ ئێمە دەوڵەتی کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکەوە بووە و لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە، لە سەرووی حیزبەکان و سەرکردەکان و تەنانەت ئایدۆلۆژیاکانیشەوەیە".

زیاتر دەنووسێ "هاوڕێیانی سلێمانی، یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ،...، تکایە ئەو هەڵەیە نەکەن کە دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان نەدەن لەبەر ئەوەی پارتی ئەندازیارەکەیەتی، بەڵکو بە پێچەوانەوە، هەموو کارتەکانی فشارتان بخەنە سەر پارتی، بۆ ئەوەی تا کۆتایی لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستاندا بڕوات".

هەروەها دەڵێ "هاوڕێیان، ئێمە بەبێ دەوڵەت تەنانەت مافی ئەوەشمان نیە لە نێو مێژووی بەشەریەتدا وەك کوردستانی بوونمان هەبێت! تەنها بژاردەیەک کە لە نێو مێژووی بەشەریەتدا هەمانبێت، ئامادەبوونمانە وەک عێراقی! ئایا بەڕاستی کوردێک هەیە لەسەر گۆی زەویدا بیەوێت وەک عێراقی داخڵ بە مێژوو ببێت؟ هاوڕێیانی سلێمانی، تکایە لە بیرتان نەچێت کە مام جەلال و کاک نەوشیروان، پێش کاک مەسعود و کاك نێچیر، دروشمی مافی چارەی خۆنووسین بۆ کوردستانیان بەرز کردەوە! لەبیرتان نەچێت کە کۆمەڵ پێش پارتی، سەربەخۆیی کورستانی لە پرۆگرامی ناوخۆیدا جێگیر کرد! لەبیرتان نەچێت خەبات لەپێناوی دادی کۆمەڵایەتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ، ...، بەبێ دەوڵەتێکی سەربەخۆ هیچ مانایەکی نیە".

هەروەها دەشنووسێ "تۆ وەك کائینێکی سیاسی تەنها و تەنها و تەنها لە چوارچێوەی دەوڵەتدا بوونت هەیە. کە دەوڵەتت نەبوو، ناتوانی باس لە خۆت وەك بوونێک لە نێو بوونەکانی دیکەدا بکەیت و لەسەر ئاستی جیهانیش تەنها و تەنها وەك قوربانیەك مامەڵەت لەگەڵدا دەکرێت. تکایە ئەو هەڵە مێژووییە مەکەن و دەنگ بدەن بە سەربەخۆیی کوردستان. پاش دەوڵەت، ئیتر خەبات لەپێناوی دادی کۆمەڵایەتی، یەکسانی، مافەکانی مرۆڤ، دیموکراسی مانایەکی دەبێت. بەبێ دەوڵەت هەموو ئەم دروشمە جوانانە بێ مانان و هەرگیز جێبەجێ نابن. دەنگ بدەن بە سەربەخۆیی کوردستان و پارتی ناچار بکەن کە نەتوانێت بەهیچ شێوەیەك و بەهیچ بیانویەکەوە، پاشەکشە لەم پرۆژەیە بکات". 



PM:09:33:05/07/2017