پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمان دووردەخرێتەوە

پرۆژەیەکی هاوبەشی ئاکەپە و مەهەپە دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی لەیلا زانا، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی تورکیا.

بەهۆی پرۆژەیەکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە)ەوە، لەیلا زانا، ژنە پەرلەمانتاری باکووری کوردستان لە پەرلەمانی تورکیا دەردەکرێت.

لە پرۆژەکەدا، ئاکەپە و مەهەپە پێشنیازیان کردووە هەر پەرلەمانتارێک سوێندی یاسایی نەخوارد، ئەوا مووچە و ژووری تایبەتی پێ نەدرێ و رێگای پێ نەدرێ بەشداریی ئەو دانیشتنانەی پەرلەمان بکات، کە تێیاندا پەرلەمانتاران دەنگ لەسەر پرۆژەکان دەدەن.


بە پەسەندکردنی ئەو پرۆژەیە لە پەرلەمانی تورکیا، هەموو ماف و ئیمتیازاتەکانی لەیلا زانا، سیاسەتمەداری ناسراوی باکووری کوردستان و پەرلەمانتاری پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدەپە)، وەردەگیرێتەوە.

لەیلا زانا لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی لە پەرلەمان، دەستەواژەی "گەلی تورکی" لە سوێندی یاسایی ئەو وڵاتە گۆڕی و کردییە(تورکیا) و پەرلەمان سوێندەکەی پەسەند نەکرد و بە سوێند نەخواردوو هەژمار دەکرێت.د.



لەیلا زانا، لە ٣ی ئایاری ١٩٦١ لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان لەدایک بووە، ئەو ژنە سیاسەتمەدارەی کورد بۆ ماوەی 10 ساڵ بە ھۆی قسەکردن بە زمانی کوردی لە پەرلەمانی تورکیا زیندانی کرا، پاش ئازادبوونی بۆ جارێکی تر لەسەر لیستی هەدەپە بووەوە پەرلەمانتار لە پەرلەمانی تورکیا.



PM:01:15:07/07/2017