ناکۆکیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی قوڵتر دەبنەوە
قائیمقامی سلێمانی: پێویستمان بەهێزی تر نییە

پارتی نزیکەی ١٠٠ چەکداری زێرەڤانی هێناوەتە سلێمانی دوای روونکردنەوەی بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی، قائیمقامی سلێمانیش دەڵێت
 "پێویستمان بەھێزی تر نییە".

لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئێوارەی ئەمڕۆ ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧، ئاوات محەمەد سەرۆکی لیژنەی ئەمنی و قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاند: "ساڵی ڕابردوو لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوا خۆپیشاندان ھەبووە و ھێزە ئەمنییەکانیش خۆپیشاندەرانیان پاراستووە و کێشەیەکی ئەو تۆنەبووە، بەڵام ئەوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕوویدا، دەستێک بوو دەیویست پشێوی بخاتە ناو شارەکەوە، بەڵام ئەمەی دەکرێت تێکدانە و خزمەت بەھیچ کەسێکیش ناکات".

قائیمقامی سلێمانی وتیشی "لەدوو ڕۆژی رابردوودا ١٢ بریندارمان ھەبووە، تەنھا دوانیان ھاوڵاتی بوون و بەگازی فرمێسکرێژ برینداربوون، ١٠ کەسەکەی دیکە لەھێزکانی پۆلیس و ئاسایش بوون کە بە ھەڵمات و بەرد برینداربوون".

دەربارەی ڕەوانەکردنی ھێز لەلایەن پارتیەوە بۆ سلێمانی، قائیمقامی سلێمانی ڕەتیکردەوە، پێویستیان بەھێزی زیاتر بێت و وتی " ئەمنیەتی سلێمانی وەک و ئاسایش و ئارامی ھەولێرو دھۆک وایە، ئەو ھێزەی ئێستا لەسلێمانی ھەیە بۆ پاراستنی ھاوڵاتیان سەرجەم لایەنەکانە بەبێ جیاوازی و پێویستمان بەھێزی تر نییە".
ئاوات محەمەد دەڵێت " پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی لەگەڵ چەند لیوایەکی پێشمەرگە کە لەدەوروبەری شاری سلێمانی بوون ھێناومانەتە ناوشار، ھەرکاتێک بارودۆخەکەش بەتەواوی ئاسایی بۆوە ئەو ھێزانە دەچنەوە دەرەوەی شار، ناشمانەوێت ھیچ ھێزێکی سەربازی لەناوشاردا بوونی ھەبێت".



PM:10:57:21/12/2017