لەئەنجامی ئەو هێرشانەی کرایە سەری
هەڤاڵ ئەبوبەکر وەلآم دەداتەوە

هێرشێکی توند لە ماڵپەڕ و تۆرە کۆمەلآیەتییەکان دەکرێتە سەر شێوازی پێشوازی کردن لە هەڤاڵ ئەبوبەکر، ئەویش لە پای ئەو هێرشانە لە تۆڕە کۆمەلآیەتییەکان وەلآم دەداتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی لەئەڵمانیاوە گەڕایەوە شاری سلێمانی، پارێزگاری سلێمانیش یەكێك بوو لەو كەسانەی پێشوازی لێكرد، بەڵام شێوازی پێشوازیەكەی كاردانەوەی زۆری لەنێو خەڵکی بێلایەن و هەڵسوڕاوانی گۆڕانیشدا لێكەوتەوە.

عەزیز رەوف، نوسەرلەبارەی پێشوازیەكەی پارێزگاری سلێمانیەوە لەژێر ناوی (تەنها پرسیار و هیچی تر)نوسیویەتی"تۆ لە شاشەكانەوە ئەمانە بە مافیا وەسف دەكەی، لە شاشەكانەوە هێرش دەخەیتە سەریان و لە ڕێی پارلەمانتارەكانتانەوە دەڵێن 365 شوقەیان لە دەرەوەی وڵات هەیە، بەڵام لە گەڕانەوەدا بە گەرمی پێشوازییان لێ دەكەن. پێشوازی ئاساییە و كاری من نیە دژ بە هەر هەوڵێك بم بۆ پێشوازی و ئاشتەوایی سیاسی و كۆمەڵایەتی، بەڵام بەڕاستی من وەك نوسەرێك بەم شێوەیە پێشوازیم لە كاك كۆسرەت بكردایە دڵنیام گۆڕانخوازان وەك پیشەی هەمیشەییان هێرشی ناڕەوایان دەكردە سەرم. ئەوەی ڕەخنەم لێی هەیە ئەوە نیە تۆ چۆن سیاسەت دەكەی، ئەوەی قسەی منە ئەوەیە بەم ئاڵۆزییە سیاسەت ناكرێت، لە خوارەوە نەوەیەكی یاخی و دژ بە دەسەڵات هان دەدەیت و لەسەرەوەش خەریكی تەشریفاتیت و وەك بەرپرسان مامەڵە دەكەی. ئەم بانێكە و دوو هەوایە ئەژنۆی بزوتنەوەی گۆڕانی شكاندووە".

هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان لەعێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی نوسیویەتی" لەناو گۆڕان و دەرەوەی گۆڕانیشدا، كەس ناتوانێ بە درۆ بڵێ لەسەر ڕێبازەكەی نەوشیروان مستەفام چونكە كاتێك بە كردەوە پێچەوانەی فكر و ئاكاری سیاسی ئەو دەجوڵیتەوە، بە زویی فەزح ئەبێ، بۆ خۆشبەختی فكر و ئاكاری سیاسی نەوشیروان مستەفا، لای هەمو كەس ڕونە، بە كتێب بە وتار بە چاوپێكەتنی تیڤی، ئەفكارەكانی هەن، ئاكار و هەڵوێستە سیاسیەكانیشی لای نەوەی ئەم سەردەمە و جیلە كۆنەكەش زۆر ئاشكرا و دیارن".

ناوبراو نووسیوویەتی"ناتوانی دەستەمۆ بی و بڵێی لەسەر ڕێبازی ئەوم، چونكە ئەو خۆشی و پڕۆژە سیاسیەكەشی یاخیی بون، ناتوانی چاپلوس (ماستاوچی) بی، بڵیی لەسەر ڕێبازی ئەوم، ئەو رقی دونیای لە تەمەلوق و مامە حەمەیی بو، پرۆژە سیاسیەكەشیی دور بو لە موجامەلە و ڕوپامایی، كۆڵێك سیفەتیی تری زۆر كە ئاسان نایەنە ژمار".

هاوكات هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەوەلآمی ئەو هێرشانەدا، بێدەنگی شكاند ولە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوك نوسی" ئەگەر لە باشەی خەڵكەوە بڕوانیتە خەڵك، هەموو كەس باشن، ئەگەر لە خراپەی خۆیشتەوە بڕوانیتە خەڵك، ئەوا هەموو كەس خراپن، هەر كات چاوەكانت هەڵەو كورتیی كەسێكیان پیشاندای، دەستت بخە سەریان، پێیان بڵێ: ئەگەر تۆ بە دووچاو یەك عەیبەی خەڵك دەبینی، ئەوا خەڵكی بەچاوەكانیان هەزاران عیبەی تۆ دەبینن".



AM:09:59:07/01/2018