ئەمەل سەعید کوردە نامەیەک بۆ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دەنێرێت

خەنمە هونەرمەندی ناسراوی کورد ئەمەل سەعید کوردە نامەیەک ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری دەکات .

لە نامەیەکی کراوەدا کە هونەرمەند ئەمەل سەعید کوردە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە و ئاراستەی هەریەک لە  نێچیرڤان بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کردووە تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە تۆ دەزانیت بە پێچەوانەی زۆرێک میللەتانی دونیا هونەرمەندانی کورد لەهەژاریدا دەمرن.

دەشڵێت، خۆشحاڵ بووم لەبەرنامەکەدا باسێکی بچوکی هونەرمەند و کۆپی ڕایتتان کرد، بەڵام تەنها بە قسە نا بەڵکو بە کرداریش گەرەکمانە قوربان.


دەقی نامەکەی هونەرمەند ئەمەل سەعید کوردە:

نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێزان قوباد تاڵەبانی و نێچیروان بارزانی .....

سڵاو و ڕێز لە هونەرمەندێکەوە بۆ دەسەڵاتدارێکی سیاسی ، دەقێک هەیە دەڵێ: گەر ویستت کۆمەڵگا بەرەوپێش نەچێت تووشی داڕمانی بکەیت ئەوا ڕۆشنبیرو هونەرمەندەکانی بچوک بکەرەوە تا بێ نرخ دەرکەون !! تۆ دەزانیت بە پێچەوانەی زۆرێک میللەتانی دونیا هونەرمەندانی کورد لەهەژاریدا دەمرن؟ ئەی ئاگاداریت زۆر کەس لە بەرهەماکانمان سوود وەردەگرن بە ماددی و مەعنەوی بەڵام هونەرمەند لەو دەڤەرەی خۆماندا مایە پووچە ؟؟!! خۆشحاڵ بووم لەبەرنامەکەدا باسێکی بچوکی هونەرمەند و کۆپی ڕایتتان کرد و سوپاس بۆ خەمخۆریتان بۆ ئەهلی هونەر و مافەکانی و هەوڵدەدەن ئایندەیەکیان بۆ فەراهەم بکەن بەڵام تەنها بە قسە نا بەڵکو بە کرداریش گەرەکمانە قوربان ،گەر ئەو کارە جێ بەجێ بکەن مێژوو بۆ خۆتان تۆمار دەکەن .ئایا دەزانیت یاسای مافی دانەر و مافە ھاوسێکانی کە یاسای ژمارە(١٧) ی ساڵی ٢٠١٢ دەرچووە ؟؟ ھەموو بوارەکانی تێدایە بەڵام نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە تا ئێستا؟!! یاساکە بۆ (٥٠) ساڵە و لە ژمارە (١٥٧) ی گۆڤاری وەقایعی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.

دیسانەوە دەڵێم بەڕێز کاک قوباد هێندەی جەنابتان کوڕی لەندەنن من لەندەنی نیم وە دڵنیام ئینگلیزیەکەشت لەمن پێرفێکت ترە ،بۆ نایەییت عەقدێکی کۆپی ڕایت لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیاکانی بەریتانیا بهێنتە کوردستانەوە و گشت ڕۆشنبیران و هونەرمەندانیش لەسایەی جەنابتانەوە سوودی لێ وەربگرن ؟ کارە سەختەکەمان بۆ ئاسان تر بکەنەوە یاخود کاک نێچیر وەکو حکومەت هەڵسێت بە هێنانی فەرعێک لە کۆمپانیا گەورەکانی کۆپی ڕایت...واااو چەند خەونێکی گەورەیە گەر بێتە دی !!!

گەر یاسای کۆپی ڕایتی بەریتانی ئیشی پێ بکرێت لە کوردستان ئەوا دوای کۆچی هونەرمەندەکەش بە ۷٠ ساڵ خۆیی و خێزانی سوود لە بەرهەمە هونەریەکانی وەردەگرێت و ئەرکی حکومەتیش ئاسانتر دەبێت چونکە ئەوکات پێویست بە مووچەی خانەنشین ناکات بۆی ببڕێتەوە لەبەر ئەوەی هونەرمەند خاوەن بەهرەیە و قابیلی خانە نشین کردن نیە!! تێ بینی : زۆرترین نوسینگەی کۆپی ڕایت لە فولهام و چێڵسیە لە لەندەن. 



PM:03:48:27/08/2018