" گفتوگۆ لەسەر دانەوەی پاشەکەوتی مووچە دەکرێت "

لەسەر چۆنێتی پاشکەوتی مووچە، پەرلەمانی کوردستان چاوەڕوانی پێکهێنانی حکوومەت دەکات تا بڕیار لەسەر میکانزێک بکرێت بۆ دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لێژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانیکی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند: ”دوو کۆبوونەوەی لێژنەی دارایی کراوە و قسە لەسەر ئەوە کراوە کە چۆن دەتوانین سیستەمی دارایی ئەلیکترۆنی دابنرێ، پاشان هەوڵبدرێت ئەوانەی پاشەکەوتیان هەیە پاشەکەوتەکەیان بۆ بخرێتە سەر حساب و لەگەڵ حکوومەتدا مامەڵەی پێوە بکەن، بۆ ئەوەی ئەو قەرزانەی حکوومەت کە لەلایان هەیە لە ڕێی ئەو حسابەوە بیدەنەوە".

بڕیاردەری لێژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی کوردستان ”هێشتا پرۆژەی ئامادەکراو لەسەر ئەو بابەتە نییە، چونکە لەلایەک چاوەڕوانی پێکهێنانی کابینەی نوێین و لەلایەکی دیکەشەوە چاوەڕوانی پرۆژە یاسای چاکسازین، دوای ئەوە ئێمە بیرۆکەی خۆمان لەسەر ئەو بابەتە دەخەینە ڕوو".

ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان ئاشکراشی کرد، سەرۆکایەتی پەرلەمان دەسەڵاتی بە لێژنەی دارایی داوە بۆ ئەوەی جگە لەو ڕاوێژکارانەی پەرلەمان کە شارەزاییان لە بواری ئابووری هەیە، سود لەو کەسانەی دیکەش ببینین کە لەدەرەوەی پەرلەمانن و شارەزاییان لە بواری ئابووری هەیە هەورەها بانگێشتیان بکەین بۆ ئەوەی بیروڕای خۆیان بخەنە ڕوو.



PM:09:16:06/04/2019