ئەمڕۆ کوردستان یادی ٣١ ساڵەی ئەنفال دەکاتەوە

ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان لە ساڵیادی ئەنفالدا جارێکی تر روو لە گەرمیان دەکەن بۆ یادکردنەوەی تێپەڕبوونی ٣١ ساڵە بەسەر گەورەترین تاوانی جینۆساید لە لە پەنجا ساڵی رابردوودا، ئەویش تاوانی ئەنفالە لە گەرمیان و ناوچەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک.

ئەمڕۆ یادی ٣١ ساڵەی ئەنفال لە ناحیەی رزگاری کە مەڵبەندی تاوانی ئەنفالی رژێمی دیکتاتۆریە لە مۆنۆمێنتی دێبنە دەکرێتەوەو کەسوکاری قوربانییەکان و هاوڵاتیان و بەرپرسانی حکومی و حیزبی تیایدا بەشداربن.

وەک پلانی بۆ دانراوە"یادی 31 ساڵەی ئەنفال لە سەرەتادا بە چەند چالاكییەكی ھونەری دەست پێدەكات و دواتر چەند چالاكی دیكە ئەنجامدەدرێن".

هەروەها بڕیارە جگە لە بەرپرسانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و پەرلەمانی عێراق، شاندێكی كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی بیانی بەشداری لە ساڵیادی ئەنفال دەكەن".

ئەنفال پرۆسەیەكی نەخشە بۆ داڕێژراوی رژێمی بەعس بوو، ئەم پڕۆسەیە لە ٩ی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ دەستیپێكرد ھەموو ساڵێك بۆ یادی ئەنفال لە ١٤ی چوار لە ھەرێمی كوردستان دەکرێتەوە و چەندین چالاکی لەشارەکانی هەرێم بە بۆنەی ئەوە یادەوە بەڕێوەدەچن.
لە ساڵی ٢٠٠٧ حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری دیاریكردنی رۆژی ١٤ی چواری دا كە بكرێت بە رۆژی یادكردنەوەی تاوانەكانی ئەنفال.

ئەنفال بە ھەشت قۆناغ، کوشتنی ١٨٢ ھەزار كەس و ھەروەھا وێرانكردنی چوار ھەزار و ٣٠٠ گوندی لێكەوتەوە. ئەنفال پڕۆسەیەكی گشتگیربوو بۆ لەڕیشەوە ھەڵتەكاندنی نەتەوەی كورد، ئەو شاڵاوە لە ٩ی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ دەستیپێكرد و لە ٦ی ئەیلولی ھەمان ساڵیش كۆتایی پێھات.

لە ھەرێمی كوردستان ھەموو ساڵێك بۆ ماوەی یەك خولەك و ٨ چركە ماتەمینی لە سەعات ٩ی رۆژی ١٤ی چوار دەستپێدەكات كە یەك خولەك بۆ یادی قڕكردنی ١٨٢ ھەزار كەس و ھەروەھا ٨ چركەكەش بۆ ئەو ھەشت قۆناغەیە كە ئەنفال كراون.

-قۆناغی یەكەم، ٩ی شوبات تا ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨ بوو لە ناوچەكانی سەرگەڵو و بەرگەڵو سنووری شارۆچكەی سوورداشی سەربە قەزای دوكان لە پارێزگای سلێمانی گرتووەتەوە.

-قۆناغی دووەم، ٢٢ی شوبات تا یەكی نیسانی ١٩٨٨ ناوچەكانی قەرەداغی گرتووەتەوە.

-قۆناغی سێیەم، حەوتی نیسان تا ٢٠ی نیسانی ١٩٨٨ ئەم قۆناغە ناوچەكانی گەرمیان لە سنووری پارێزگای كەركووك و سنووری شارەكانی"خوورماتوو، كەلار، كفری، دەربەندیخان، چەمچەماڵ و چەند شوێنێكی دیكەشی گرتەوە"، ئەم قۆناغە بە بەرفراوانی ئەو ناوچانەی گرتوویەتییەوە و زۆری قوربانی لەقۆناغەكانی تر جیاكراوەتەوە، ھەربۆیە ساڵیادی ئەو تاوانەش خراوەتە ئەم قۆناغە.
-قۆناغی چوارەم، سێی ئایار تا ھەشتی ئایاری ١٩٨٨ ناوچەكانی دۆڵی زێی خوارووی گرتەوە كە ئاغجەلەر و گۆپتەپە و عەسكەر و ناوچەكانی شێخ بزێنی، كۆیە، خەلەكان، دوكان بوون.

-قۆناغی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم، پێنجی ئایار تا ٢٦ی ئایاری ١٩٨٨ ناوچەكانی بالیسان، شەقڵاوە، ھیران، نازەنین، سماقوڵی، دۆڵی ئالان، رواندوز، چۆمان، زنجیرە چیای قەندیل، رانیە، چوارقوڕنە، ھیزۆپ، چیای باواجی، بەشێك لە گوندەكانی كۆیە، دیبەگە، ئاڵتون كۆپری.

-قۆناغی ھەشتەم، ٢٥ی ئاب تا ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨ ناوچەی بادینانی گرتەوە لە ئامێدی، دھۆك، زاخۆ، شێخان، ئاكرێ، بارزان.
كۆی پرۆسەكە زیانی زۆر گەورەی لێكەوتەوە لە سەروویاندا بێسەروشوێنكردن و زیندەبەچاڵكردنی ١٨٢ ھەزار كەس و رووخانی نزیكەی چوار ھەزار و ٤٥٠٠ گوندی لێکەوتەوە. 

ساڵیادی ئەمرۆی ئەنفال، له‌کاتێکدایه‌ دۆزینه‌وه‌ی گۆڕی به‌کۆمه‌ڵی ئه‌نفالکراوه‌کان له‌ناوچه‌کانی عێراق به‌رده‌وامه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ڕۆژی هه‌ینی گۆڕێکی تری به‌کۆمه‌ڵی ئه‌نفالکراوه‌کان له‌بیابانه‌کانی سه‌ماوه‌ دۆزرایه‌وه‌.



AM:09:22:14/04/2019