ژمارەیەک رۆشنبیری هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات لە بەیاننامەیەکدا بۆ رای گشتی، دەڵێن" ئەم فۆرمە لەدەسەڵات کە لەهەرێمدا هەیە شکستی خواردووە" هەروەها پێیانوایە " دۆخەکە بەرەو تەقینەوە دەڕوات ".
لە بەیاننامەیەکدا بۆ رای گشتی خەڵکی کوردستان ژمارەیەک رۆشنبیر کە مامۆستای زانکۆ و نوسەرو رۆژنامەوان و چالاکوانی گرتۆتە خۆی، دەڵێن "هەرێمی کوردستان ساتەوەختێکی ھێجگار دژوار بەڕێدەکات، هیچ کاتێک خەڵکیی بەئەندازەی ئەمڕۆ نائومێدو بێهیواو توڕە نەبون ھەم لەسیاسەتی چەوتو پڕ لەهەڵەی کوشندەو ھەمەلایەن، ھەم لەگەندەڵیو بێباکیو نابەرپرسیارێتی دەسەڵاتداران".
دەربارەی پرسی لامەرکەزیەت، ئەم رۆشنبیرانە دەڵێن" پەیڕەوکردنی لامەرکەزیەتی ئیداریو دارایی رێوشوێنێکی گونجاوو خواستێکی ڕەواو دیموکراسیانەیە، بەڵام کێشە زۆرو کەڵەکە بوەکانی هەرێمی پێچارەسەر ناکرێتو بەپێچەوانەوە لەدۆخی باڵادەستیی ئەم مۆدێلە لەحوکمڕانیو ئەقڵیەتی پاوانخوازیی بەفۆرمی تازەی فیودالیزمو بەڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی سیستەمی بەرهەمهێنانی ناوچەکە دەبێت بە بەشێک لەخزمەتی پڕۆژەی بەشبەشێنەی حزبیو بنەماڵەیی، لەکاتێکدا بۆ کورد کێشەی بوون بەنەتەوەو شوناسی هاوبەشی نیشتمانیی هەیەو بیرۆکەی لامەرکەزییەت ئەوەندەی تر پارچە پارچەی دەکات لەسایەی مانەوەی ئەم مۆدێلە لەحوکمڕانی، بەبێ گۆڕانکاری ریشەیی لەسیستەمی سیاسیو ئابوری هەرێمو کشانەوەی دەستی حیزبو کۆمپانیاکانی لەبازاڕ، وروژاندنی ئەم پرسەو کردنی بەپرسێکی سیاسیو خاڵی ناکۆکی لەم دۆخە گرژو ناسەقامگیرەدا، وەک هەنگاوێکی چەواشەکارانە دەردەکەوێ بۆ لەبیربردنەوەی قەیرانەکانو بەشێکە لەململانێی دو گروپی ناو پارتیو یەکێتیو ئامڕازێکە بۆ زیاتر سەپاندنی دەسەڵاتی ئەو حیزبانەی خاوەنی هێزن، لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی "ئەوێ بۆ تۆو ئێرە بۆ من".
هەروەها لەو بەیاننامەیەدا ئەو رۆشنبیرانە پێیانوایە " نائومێدی خەڵکی کوردستان بەتەنها لەسیاسەتی چەوتی دەسەڵاتەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو بەشێکی دەرەنجامی سیاسەتی عەوامگەراییو نائەقڵانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیشە، کە ئۆپۆزیسیۆنێکی دەم بەقیژەو هاواری نمایشکارەو چ وەک گروپو چ وەک کەسایەتی تاک خاوەنی فکرو دنیابینی ڕاستەقینەو هەڵگری دیدو تێڕوانینێکی واقعیعی نینو تەنها بەدوای بەدیهێنانی خواستەکانی خۆیانو سواربونی شەپۆلی ناڕەزایی خەڵکەوەنو بەشێکن لەکێشەکانو ھاوکار نین بۆ دەرچون لەم دۆخە".
بەیاننامەیەک بۆ رای گشتی کوردستان
هەرێمی کوردستان ساتەوەختێکی ھێجگار دژوار بەڕێدەکات، هیچ کاتێک خەڵکیی بەئەندازەی ئەمڕۆ نائومێدو بێهیواو توڕە نەبون ھەم لەسیاسەتی چەوتو پڕ لەهەڵەی کوشندەو ھەمەلایەن، ھەم لەگەندەڵیو بێباکیو نابەرپرسیارێتی دەسەڵاتداران.
دەسەڵاتدارانی هەرێم کە بەشێوەیەکی سیستەماتیک بەشێکی زۆری داهاتی نەوتو سامانی سروشتی بەتاڵان دەبەن، لەپێناو مانەوەو درێژەدان بەدەسەڵاتی خۆیاندا کوردستان لەقەیرانێکەوە بەرەو قەیرانێکی دیکە پەلکێش دەکەن، کەڵەکە بوونی ئەم هەمو قەیرانانەش، چارەنوسی کوردستانی لەبەردەم ئاسۆیەکی تاریکدا راگرتوەو سەرجەمی ئەزموونە سیاسییەکەی لەکەناری ئیفلاسبوونێکی تەواو نزیککردۆتەوە.
ڕاستە مەسەلەی بژێویو دابینکردنی موچەو ژیانێکی شایستەو گێڕانەوەی داهاتە دزراوەکان لەم کاتەدا زۆر گرنگو پڕ بایەخە، بەڵام دانیشتوانی ئەم هەرێمە وێڕای چاکسازی ئابوریو بنەبڕکردنی گەندەڵیو کۆتاییهێنان بەهەدەردانی سامانی گشتی، سیستەمێکی سیاسی هاوچەرخو ئەقڵانی دوور لەدەسەڵاتی خێڵەکیو بنەماڵەییان دەوێت. دەیانەوێت ئازادیو کەرامەتیان پارێزراو بێتو فشاری ئابوریو بەکارهێنانی موچە وەک چەکێک بۆ شکانو ملکەچپێکردنو لێدانی کەسێتی مرۆڤی کوردستانیی ئیتر کۆتایی پێبێت، مرۆڤی ئێمە لەوە شایستەترە بەو جۆرە ناشارستانییە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. بایکۆتکردنی سەدان ھەزار دەنگدەری ھەرێم لەدواھەمین ھەڵبژاردندا ھەم شەرعیەتی ئەم ھێزانەی بەتەواوی بریندار کردوە، ھەم ھێما بۆ فۆرمێکی ترسناک لەنائومێدییو توڕەبوون دەکات.
ئێمە وەک هاوڵاتی ئەم هەرێمە، لەڕوانگەی بەرپرسیارێتیمانەوە سەرنجی ڕای گشتی بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕادەکێشین:
یەکەم/ ئەزمونی ساڵانی رابردو سەلماندویەتی دامەزراوەکانی حکومەتو پارلەمانو دەسەڵاتی دادوەریی، جگە لەسێ دامەزراوەی کارتۆنی هیچی دیکە نین، دەسەڵاتی راسستەقینە لەدەرەوەو لەسەروی ئەو دەزگایانەوەیە. ئەم دامەزراوانە پێویستیان بەسەرلەنوێ رێکخستنەوەیە لەسەر بنەمایەکی نیشتیمانی هاوچەرخ.
دووەم/ دەزگاکانی ئاسایشو هێزی پێشمەرگەو زێڕەڤانیو دژە تیرۆرو دەزگاکانی هەواڵگریی (پاراستنو زانیاری)، دەزگاو هێزی حیزبیی ھەندێکجار کەسیشنو مۆنۆپۆل کراون، بۆیە بەمجۆرەی کە هەن ناتوانن ئەرکی نیشتمانیو نەتەوەیی خۆیان راپەڕێننو ئەرکی سەرەکیان بووە بەسەپاندنی دەسەڵاتی پارتیو یەکێتی بەسەر ھەموواندا. پێویستە ئەم هێزانە بەشێوەیەکی پیشەییو نیشتمانی بنیاتبنرێنەوەو لەژێردەستیی پارتیو یەکێتی رزگار بکرێن.
سێهەم/ پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو هەرێم ساڵانێکی زۆرە لەسەر بنەمای دەسکەوتی حیزبی بنیاتدەنرێتو بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانی تیا دەکرێت بەقوربانی. پەیوەندی هەرێم لەگەڵ بەغدا پێویستە پەیوەندیەکی هاوسەنگ بێتو مافە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان بێ چەندوچون بسەلمێنێت. لەکاتێکدا کە لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم پێویستە گەمە بەچارەنوسو بژێوی خەڵکی کوردستان نەکەنو پابەندبن بەڕیککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، ئەمە بەمانای کار نەکردن نییە بۆ بەهێزکردنی ئابوری نیشتمانی لەچوارچێوەی دەرچون لەئابوری بەرخۆریی وەک بنەمایەک بۆ خزمەتکردنی تەواوکردنی قۆناغی رزگاریی نیشتمانی. هاوکات ئەو دەنگانەش ڕەتدەکەینەوە هەموو چارەسەرەکان بە بەغداوەوە گرێدەدەنو وادەکەن دەنگی ناڕەزایی شەقامی کوردی بخەنە خزمەت گەندەڵکاران و سیستەمی تایفەگەریی بەغداوە، چونکە گەندەڵیەکانی حکومەتی هەرێمو گەندەڵیەکانی حکومەتی فیدراڵی عێراق تەواکەری یەکترینو پێکەوە دەژین، هەروەک چۆن سیستەمی ھەردوو بەشەکەی عێراق سیستەمی نادیموکراسیو ناشەفافنو ھەم هەرێم کۆپیەکی تەواوی بەغدایەو ھەم بەغدا کۆپیەکی تەواوی ھەرێمە. ئەم دووانە هاوچەشنو تەواکاری یەکترین. کاڵفامییەکی سیاسیی گەورەیە لەمیانەوە بۆ ئەویتریان ڕابکەین.
چوارەم/ پەیوەندییە دەرەکییەکانی پارتیو یەکێتی جێی نیگەرانی خەڵکی کوردستانن، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتانی تورکیاو ئێراندا، کە هەریەکەو زۆنی ژێر دەسەلاتی خۆیان کردوە بە بەشێک لەقولایی ستراتیجی ئەو دو وڵاتەو شەڕی بەوەکالەتیان بۆ دەکەن. ئەم پەیوەندیانە هیچ مانایەکیان بۆ سەروەریی خاکی کوردستان نەهێشتوەتەوەو هەمیشە مایەی دەستتێوەردانی ئەو دو وڵاتەو دروستکردنی پشێویو مەترسی بون لەکوردستان، وەک روداوەکانی ئەمدواییەی زینی وەرتێ، کە بەئاشکراو بەناڕاستەوخۆ جێ پەنجەی تورکیای پێوە دیارە. داواکارین ئەم پەیوەندییانە بەشێوەیەکی هاوسەنگ لەچوارچێوەی دامەزراوە یاساییەکانی حکومەتی هەرێمدا رێکبخرێنو سەربەخۆییو سەروەری و بێلایەنی کوردستانیان تیا رەچاو بکرێت.
پێنجەم/ نائومێدی خەڵکی کوردستان بەتەنها لەسیاسەتی چەوتی دەسەڵاتەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو بەشێکی دەرەنجامی سیاسەتی عەوامگەراییو نائەقڵانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیشە، کە ئۆپۆزیسیۆنێکی دەم بەقیژەو هاواری نمایشکارەو چ وەک گروپو چ وەک کەسایەتی تاک خاوەنی فکرو دنیابینی ڕاستەقینەو هەڵگری دیدو تێڕوانینێکی واقعیعی نینو تەنها بەدوای بەدیهێنانی خواستەکانی خۆیانو سواربونی شەپۆلی ناڕەزایی خەڵکەوەنو بەشێکن لەکێشەکانو ھاوکار نین بۆ دەرچون لەم دۆخە.
شەشەم/ هەولێر پایتەختی ڕەسەنی هەرێمی کوردستانەو هەر واش دەمێنێتەوە، هەولێر موڵکی ئەوانە نییە فەزای ترسو تۆقاندن لەو شارە خۆڕاگرەدا دەسەپێنن، باسکردن لەلامەرکەزیەتی پارێزگاکانیش وەک جۆرێک چاوبەستەکیو خۆدزینەوە لەبەرپرسیارێتی ئەوانە دەبینین کە بەشێکن لەگەندەڵی باوو ئەو بارودۆخەی بەسەر دانیشتوانی هەرێمدا بەگشتی هاتوە. پەیڕەوکردنی لامەرکەزیەتی ئیداریو دارایی رێوشوێنێکی گونجاوو خواستێکی ڕەواو دیموکراسیانەیە، بەڵام کێشە زۆرو کەڵەکە بوەکانی هەرێمی پێچارەسەر ناکرێتو بەپێچەوانەوە لەدۆخی باڵادەستیی ئەم مۆدێلە لەحوکمڕانیو ئەقڵیەتی پاوانخوازیی بەفۆرمی تازەی فیودالیزمو بەڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی سیستەمی بەرهەمهێنانی ناوچەکە دەبێت بە بەشێک لەخزمەتی پڕۆژەی بەشبەشێنەی حزبیو بنەماڵەیی، لەکاتێکدا بۆ کورد کێشەی بوون بەنەتەوەو شوناسی هاوبەشی نیشتمانیی هەیەو بیرۆکەی لامەرکەزییەت ئەوەندەی تر پارچە پارچەی دەکات لەسایەی مانەوەی ئەم مۆدێلە لەحوکمڕانی، بەبێ گۆڕانکاری ریشەیی لەسیستەمی سیاسیو ئابوری هەرێمو کشانەوەی دەستی حیزبو کۆمپانیاکانی لەبازاڕ، وروژاندنی ئەم پرسەو کردنی بەپرسێکی سیاسیو خاڵی ناکۆکی لەم دۆخە گرژو ناسەقامگیرەدا، وەک هەنگاوێکی چەواشەکارانە دەردەکەوێ بۆ لەبیربردنەوەی قەیرانەکانو بەشێکە لەململانێی دو گروپی ناو پارتیو یەکێتیو ئامڕازێکە بۆ زیاتر سەپاندنی دەسەڵاتی ئەو حیزبانەی خاوەنی هێزن، لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی "ئەوێ بۆ تۆو ئێرە بۆ من". لە کاتێکدا پێویستە پرسی لامەرکەزیەتی داراییو ئابوری بەدەربێت لەپێشێلکردنی سەروەری هەرێمی کوردستانو وەک پرسێکی کۆمەڵگا تەماشا بکرێتو ئامانج لێی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتو سنوردانان بێت بۆ مۆنۆپۆلی دەسەڵاتی سیاسیو ئابوریو ئەمنی ئەم دوو هێزە.
حەوتەم/ سەرهەڵدانی خۆپیشاندانو دەربڕینی ناڕەزایی خەڵکی دهۆک، کە ساڵانیکی زۆرە پارتی بەقەڵای قایمی خۆی دەزانێت، زەنگی هۆشدارکردنەوەیە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم تا لەوە بەئاگا بێن ناڕەزایی تەنها لەچوارچێوەی شارو سنورێکی جوگرافیدا قەتیس ناکرێتەوە، بەڵکو ئەمڕۆ سەرتاسەری کوردستان لەم شێوازی بەڕێوەبردنە توڕەو ناڕازیین.
لێرەدا ئێمە هۆشداری ئەوە بە دەسەڵاتدارانی هەرێم رادەگەیەنین کە دۆخەکە بەرەو تەقینەوە دەچێت. ئاڕاستەی ڕوداوەکانیش بەهەر لایەکدا بڕوات ئەوا دەسەڵاتداران لێی بەرپرسیارن. ئێمە پەنابردنە بەر هەر جۆرە خەباتێکی شارستانیو مەدەنیانە بۆ راستکردنەوەی ئەم هەڵەو پەڵانەی دەسەڵاتو بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتیو بەرەنگاربونەوەی نایەکسانی لەداهاتو دەرفەتی ژیانو دژ بەدواکەوتنی موچە، بەمافێکی ڕەواو پارێزراو دەزانینو دژ بەهەر جۆرە فشارو سەرکوت کردنێکی خۆپیشاندانو ناڕەزایی ئاشتیانەین. دەسەڵاتدارانی هەرێم دەبێت باش لەوە تێبگەن کە وڵات تەنها بە هێز بەڕێوەنابرێت.
کاتی ئەوەش هاتوە ئەم حکومەتە نوێیە کە درێژکراوەی ئەو فۆرمەیە کە لەدوای یەکگرتوونەوەی شکڵی هەردوو ئیدارەی هەولێرو سلێمانییەوە هاتۆتە ئاراوە، شکستی خۆی ڕابگەیەنێتو دەست لەکاربکێشێتەوەو حکومەتێکی بچوکو بێلایەنی نیشتیمانی دروستبێتو کار بۆ جێبەجێکردنی داوا هەنوکەییەکانی خەڵکی کوردستانو هەڵبژاردنی پێشوەختە بکاتو ئاڕاستەی سیاسەتو بەڕێوەبردن لەهەرێمدا گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردابێتو دانیشتوانی ئەم هەرێمە بەسەربەرزییو کەرامەتەوە بژین.
ئاسۆس هەردی - نوسەرو رۆژنامەنووس - سلێمانی
د. شێرکۆ کرمانج - مامۆستای سیاسەتو پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان، زانکۆی شارقە، ئیمارات
د. دارا محەمەد - توێژەر لەبواری فەلسەفەی سیاسی لەزانكۆی لەندەن
ئارام جەمال – بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن
عەبدولکەریم هەڵەدنی- سلێمانی
شوان محەمەد – رۆژنامەنووس- سلێمانی
هیوا سەید سەلیم - نوسەرو رۆژنامەنووس- هەولێر
د. ئارام رەفعەت – مامۆستای زانکۆ - ئوستورالیا
جمال جلكی- نوسەرو رۆژنامەنووس- دهۆك
د. محەمەد عەلی- مامۆستای زانکۆ، سلێمانی
عەلی مەحمود – رۆژنامەنووسو چالاکوانی مەدەنی - هەولێر
سەردار محەمەد – رۆژنامەنووس - سلێمانی
هادی حەمە رەشید - نوسەرو رۆژنامەنووس - هەڵەبجە
لەتیف فاتیح فەرەج – نوسەرو رۆژنامەنووس- کەرکوک
گۆران جەلال – نوسەرو رۆژنامەنووس- هەولێر
هیوا عومەر – نوسەرو رۆژنامەنووس- هەولێر
١٩ی ئایاری ٢٠٢٠