پیاوێكی كورد كچه‌كه‌ی‌ خۆی‌ سه‌رده‌بڕێت

کچە قوتابییەکی تەمەن ١٨ ساڵ لە شاری کەنگاوەری سەربە پارێزگای‌ کرماشانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ كوردستان، لەلایەن باوکییەوە سەر بڕدرا.

ئاژانسی هەواڵی کوردپا، بڵاویكرده‌وه‌ رۆژی شەممەی‌ رابردو کەسێک بەناوی "کەرەم نەویدی"، کچێکی تەمەن ١٨ ساڵەی خۆی بەناوی عاتیفە نەویدی سەربڕی.

عاتیفە نەویدی قوتابی دوا ناوەندی بووە، کە بەهۆی هەبوونی پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ کوڕێک، لەلایەن باوکییەوە بە چەقۆ سەر بڕدراوەو هەتا کاتی بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵە تەرمەکەی لە پزیشکی داوەریی شاری کرماشان راگیراوە.

ئاژانسه‌كه‌ لە شاری کەنگاوەر لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند، لە کاتێکدا دایکی عاتیفە ویستوویەتی رێگری لە کوژرانی کچەکەی بکات، مێردەکەی داویەتییە بەر چەقۆ و بە توندی بریندار بووە و هەنووکە لە نەخۆشخانە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

سەرچاوەکە وتیشی‌ "کەرەم نەویدی، کە لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە، هاوکات هەڕەشەی کوشتنی لە کچێکی دیکەشی کردووە، کە تەمەنی ١٦ ساڵە و رایشی گەیاندووە کە دوای ئازادبوون لە زیندان خۆی دەکوژێت".

لە رێکەوتی21ی‌ 3 ئەمساڵ کەسێک بەناوی "مەسعوود سەیدی" خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو لەژێر ناوی "پاراستنی نامووس"دا خوشکەکەی خۆی سەر بریبوو.



PM:02:21:26/05/2014