لە بەندیخانەی ئورمیە بەندکراوێک گیانی لە دەستدا

هاوڵاتیەک لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بەهۆی کەمتەرخەمیی کادری دەرمانی ئەو بەندیخانەیە گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ سێشەممە بەندکراوێک بە ناوی (فەرهاد ڕەحیمی) تەمەن ٤٦ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە هۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لە دەست داوە.

وتیشی" فەرهاد ڕەحیمی ڕۆژی دووشەممە باری تەندروستی ناجێگیر بووە و براوەتە بێهداری بەندیخانە، بەڵام بەرپرسان و کادری دەرمانی تەنیا حەبی ئازارشکێنیان پێداوە و گەڕاندوویانەتەوە بۆ بەندی شەشی بەندیخانە". 

فەرهاد ڕەحیمی ٧ ساڵ پێش بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراوە و لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەت سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێنرا بوو، هاوکات ناوبراو لە بەندی شەشی بەندیخانەی ئورمیە دەستبەسەرکرا بوو. 

PM:11:21:01/09/2020