مهاباد قەردەداغی نووسەرو چالاکوان گیانی لەدەستدا

نوسەر و شاعیر و لێکۆڵەر و چالاکوانی بواری ژنان مهاباد قەرەداغی گیانی لەدەستدا.

 

کاتژمێر ١:٣٠ ی دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی هەڵکەوت زاهیر مامۆستای میوزیک و هاوڕێ مهاباد قەرەداغی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، نووسیوویەتی " ‎بەداخەوە هەر ئێستا خاتوو مەهاباد قەرەداغی كۆچی دوای كرد، لە خوای گەورە داواكارم سەبوری كەس و كار و دۆست و هاوڕێیان بدات خوالێ خۆش بووش بە بە هەشتی بەرین شاد بكات".

 

مەهاباد قەرەداغی، لە ساڵی 1966 لە شاری کفری لەدایکبوە. لە ساڵی 1978 دەستی بە نوسین کردوە. لە ساڵی 1980 یەکەم بەرهەمی شیعری لە ڕۆژنامەی هاوکاری بڵاوکردوەتەوە. هەر لەو ساڵەدا لەلایەن بەعسەوە دەسگیر دەکرێت لە زیندانەکانی کفری و بەعقوبە و بەغدادو زەعفەرانیە بۆ ماوەی ساڵێک زیندانی بووە.

لەپاش ئازادبونی لە ساڵی 1981 پەیوەندی دەکات بە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە. لە ساڵی 1985 بۆ 1987 پەیمانگا بەشی ژمێریاری لە کەرکوک تەواودەکات. بەرهەمەکانی لە هەفتەنامەی هاوکاری و گۆڤارەکانی (بەیان، ڕۆشنبیری نوێ، نێرگز، کاروان) بڵاودەکاتەوە بەناوی نهێنی (ئاڵا، ژاڵە، هەتاو گەرمیانی).

لە11 ئازاری 1992 لەگەڵ مستەفا گەرمیانی شاعیرو ڕۆژنامەنووس هاوسەرگیری دەکات. خاوەنی کچێکن.

لە ساڵی 1993 دەچێتە تاراوگەو  لە وڵاتی سوید نیشتەجێدەبێت. لە ساڵی 2005 دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و دەبێتە ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران.

 لە ساڵی 2009 لە زانکۆی سایبس لە هەولێر بەشی زمانی ئینگلیزی دەخوێنێت. ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان و جیهانە. بەرهەمە چاپکراوەکانی لە بوارەکانی شیعرو کورتەچیرۆک و ڕۆمان و بیرەوەری و لێکۆڵینەوەیە.

خاوەنی 28 بەرهەمی وەرگێڕانە بۆ زمانی کوردی لە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی.



PM:02:05:09/10/2020