کەجەکە: ئەمەریکا دەیەوێت ئاگری شەڕی کورد و کورد خۆشبکات

کەجەکە وەڵامی یاریدەدەری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەداتەوەو دەڵێت" وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەجیاتی ئەوەی داوای کۆتایی هێنان بە بارگرژییەکان بکات، بە لێدوانێكی نا بەرپرسیارانە هەوڵیدا ئاگری شەڕ و ناكۆكی گەشتر بكات".


کەجەکە لە لە بەیاننامەیەکدا وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەداتەوەو ئەو وڵاتە بەخۆشکردنی ئاگری شەڕی کورد و کورد ناوزەد دەکات و دەڵێت " ئەم لێداوانەی یاریدەدەری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لێدوانێكی بە تەواوی ئاژاوەگێڕانەیە، دوورە لە راستی و لەسەر بنەمای بە پێچەوانە نیشاندانی رووداوەكان ئامادە كراوە.

راگەیاندنی کەجەکە


بۆ رای گشتی



 رۆژی ٤-١١-٢٠٢٠ لەكاتی ئۆپەراسیۆنی هێزەكانی PDK لە دژی هەرێمی گارێ گەریلای ئازادی كوردستان بەو پەڕی وریاییەوە هەوڵیدا رێگری بكات لە شەڕ و پێكدان، بەڵام بەداخەوە بە هۆی سووربوونی PDK لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن خەساری گیانی هاتە ئاراوە كە بەرپرسیارێتییەكەی بە تەواوی لە ئەستۆی ئەو ئیرادەیەیە كە جوڵەی بەو هێزە چەكدارانە كرددوە.


لەكاتێكدا كە رای گشتی گەلی كوردستان لە هەر چوارپارچەی نیشتمان و بەتایبەت هێز و لایەنە سیاسییەكان، رۆشنبیران، كەسایەتییە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكان داوای هێوركردنەوەی دۆخەكە و ئەنجامدانی دیالۆگ دەكەن، یاریدەدەری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەجیاتی ئەوەی داوای كۆتایی هێنان بە گرژییەكانی بكات بە لێدوانێكی نابەرپرسیارانە هەوڵیدا ئاگری شەڕ و ناكۆكی گەشتر بكات و ورە بداتە ئەو لایەنە ناوخۆیی و هەرێمیانە كە دەیانەوێت ئاگری شەڕی كورد-كورد خوەش بكەن.


ئەم لێداوانەی یاریدەدەری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لێدوانێكی بە تەواوی ئاژاوەگێڕانەیە، دوورە لە راستی و لەسەر بنەمای بە پێچەوانە نیشاندانی رووداوەكان ئامادە كراوە.


ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەجیاتی ئەوەی لەشكركێشی و داگیركاری توركیا بۆ سەر خاكی باشووری كوردستان و ئێراق رەخنە بكات، بە هەموو جۆرێك پشتیوانی لێی دەكات و هانی دەدات، دەوڵەتی ئەمریكا نەك تەنیا لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنی داگیركاری دەوڵەتی توركیا و تاوانەكانی شەڕی ئەردۆغان دەنگ هەڵنابڕێ بەڵكو هەوڵدەدات بە پشتیوانییكردن لە سیاسەتی چەواشەكارانە و شەڕخوازانەی PDK ، كەشی نیگاتیفی پەیوەندی نێوان هێزە كوردییەكان قووڵتر بكاتەوە.


ئێمە ئەم لێدوانەی یاریدەدەری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەركۆنە دەكەین و بانگەوازیی خۆمان ئاراستەی هەموو گەلی كورد و بە تایبەتی گەلی باشووری كوردستان، هێز و لایەنەنە سیاسیەكان و رۆشنبیران دەكەین، كە لە بەرامبەر ئەم لێدوانە ئاژاوەگێڕانە وریا بن و هەوڵدانەكانی خۆیان لەپێناو ئارامی و چارەسەری كێشەكان چڕ بكەنەوە.


 كۆمیتەی پەیوەندییەكانی كۆما جڤاكێن كوردستان


٦-١١-

 


PM:02:40:06/11/2020